کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بۆ چەکدارەکانی: خۆتان بۆ 'جەنگێکى پڕووکێنەر' ئامادە بکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوا لە چەکدارەکانی دەکات خۆیان بۆ "جەنگێکی پڕووکێنەر" ئامادە بکەن، لە سایەی لەشکرکێشیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هۆشداریش دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەی کە بە "هاوکاریکردنی هێزە بیانییە نەیارەکان" تۆمەتباری کردووە.
 
پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە سەروبەندی هەڕەشەکانی ئەمریکا و لەشکرکێشییەکان کە ئاماژەن بۆ پەرەسندنێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا، بە پێویستی دەزانێت هەموو چەکدارەکانی ئامادەبن بۆ جەنگێکی پڕووکێنەر کە ئەگەری هەیە درێژخایەن بێت و بە گوتەی ئەو هێزە، لە سەرووی پێشبینییەکانی ئەمریکاوە دەبێت.
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا جەنگ لە ناوچەکە بەرپا بکات، خۆی لەبەردەم زیانی بێشومار دەبینێتەوە کە بە گوتەی ئەوان ناتوانێت رابگیرێت و قەرەبوو بکرێتەوە.
 
ئەو هۆشدارییەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە کاتێکدابوو کە سێیەم گەڕی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ نەگەیشتە ئەنجامى کۆتایی و بڕیاردرا شاندی تەکنیکیی هەردوولا هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەی دیکە بکەن.
 
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی بە "هاوکاریکردنی هێزە بیانییە نەیارەکان" ناوی بردووە و دەڵێت: "ئەوە قورسایی زیاتر دەخاتە سەریان کە هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایش و داهاتوویان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە