رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق پێنج رۆژ پشووی فەرمیی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان و دوو رۆژ پشووی بەبۆنەی جەژنی قیامەی کریسیانەکان راگەیاند.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 26ی ئاداری 2024دا رۆژی سێشەممە، 9ـی نیسان تاوەکو رۆژی شەممە، 13ـی نیسان لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە کردە پشووی فەرمی.
دەشڵێت، رۆژی یەکشەممە، 14ـی نیسان دەوامی فەرمی لە تەواوی دامەزراوە حکومییەکان دەستپێدەکاتەوە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی جەژنی قیامەی کریستیانەکانەوە بڕیاریدا رۆژانی 31ی ئادار و 1ی نیسانی 2024 بۆ پێکهاتەی کریستیان پشووی فەرمی بێت.
جەژنی ئەم ساڵی کریستیانەکان لە کاتێکدایە، بەرپرسی راگەیاندنی پاتریاریکی کلدان لە عێراق دەڵێت، بەهۆی مەرسوومی لەسەر کارلابردنی پاتریارکی کلدانەکان بڕیاردراوە ئەم ساڵ هیچ ئاهەنگ و رێوڕەسمێک لە جەژنی قیامە نەگێڕن.
لەیس بنیامین، بەرپرسی راگەیاندنی پاتریاریکی کلدان لە عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە پشتیوانییە لە کاردیناڵ لویس ساکۆ کە چەندین مانگە بەهۆی کشانەوەی مەرسوومی کۆماری لە شوێنی خۆی دوورکەوتووەتەوە؛ بۆیە ئەم ساڵ ئێمە تەنیا نوێژ دەکەین و ئاهەنگ و رێوڕەسمەکانی دیکە رادەگیرێن".
رۆژی 25ـی ئاداری 2024ش پاتریارکی کلدانی لە عێراق و جیهان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی جەژنی قیامەوە رایگەیاند، وەکو پاڵپشتییەک بۆ کاردیناڵ لویس ساکۆ کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە مەرسوومی کۆماریی راسپاردنی لێ کشێندراوەتەوە، سەرجەم ئاهەنگەکانی تایبەت بە جەژنی قیامە هەڵدەوەشێننەوە و پێشوازی لە هیچ بەرپرسێکی حکومەت ناکەن.
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا دوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، زۆربەیان کۆچیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ