رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر سەرکەوتنی پلانی کشتوکاڵی هەبووە و بووەتەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ جووتیاران و زۆربوونی ئاوی بەنداوەکان. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی بەسرەش ئاماژە بەوە دەکات، زۆری بارانبارین لە هەرێمی کوردستان پاڵی بە خوێی سەر شەتولعەرەبەوە ناوە و ئاستی ئاوی شیرینی لە پارێزگاکەدا بەرزکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 25ی ئاداری 2026، مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، توانیویانە رووبەرێکی فراوان لە گەنم و جۆ بچێنن.
بە گوتەی مەهدی جبووری، پلانی ئەم ساڵ بریتی بوو لە چاندنی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم بە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی و سیستمی ئاودێریی مۆدێرن، لەگەڵ چاندنی یەک ملیۆن دۆنمی دیکە لە رێگەی ئاودێریی بە بەکارهێنانی ئاوی سەرزەوی.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، لەم وەرزەدا سێ شەپۆلی گەورەی بارانبارین عێراقییان گرتەوە، کە لە رووی تەکنیکییەوە وەک "ئاودانی تەواو" بۆ زەوییەکان هەژمار دەکرێ. ئەمەش وایکردووە سەوزبوونی گەنم و جۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و چاوەڕوانییەکان بۆ وەرزی دروێنە زۆر ئەرێنی بن.
کەمبوونەوەی تێچوو و باشبوونی ژینگە
مەهدی جبووری گوتی: "بارانبارین وایکرد جووتیاران کەمتر پەنا بۆ ئامێرەکانی ئاودێری ببەن، ئەمەش تێچووی سووتەمەنی و کارەبای کەمکردەوە و تێچووی گشتیی بەرهەمهێنانی دابەزاند."
لەبارەی یەدەگی ئاویش، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، بارانبارین، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باکووری وڵات و باشووری کوردستان، بووەتەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاو لە بەنداوەکان، هەروەها ئاستی ئاو لە رووبار و زۆنگاوەکان بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش نەک تەنیا بۆ کشتوکاڵ، بەڵکو بۆ ژینگەی ناوچەکەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
80" مەتر سێجا ئاو دەگاتە بەسرە"
هاوکات محەممەد بەتات، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە رووداوی گوت: "شەپۆلی بارانبارینی ئەم وەرزە بەگشتی و بارینی بڕێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان، وایکرد ئاستی ئاوی دیجلە و فورات بەرز بێتەوە و ئێمەش لە بەسرە بەباشی هەستمان پێکردووە."
محەممەد بەتات دەڵێت، پێشتر لە چرکەیەکدا 40 مەتر سێجا ئاوی دیجلە و فورات دەگەیشتە بەسرە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 80 مەتر سێجا دەگاتە ئەو پارێزگایە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی بەسرە، گەیشتنی ئەو بڕە ئاوە وایکردووە ئاستی ئاوی شیرین لە شەتولعەرەب زیاد بکات و "خوێی سەر ئاوەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ