رووداو دیجیتاڵ
لیوای 63ی حەشدی شەعبی رایگەیاند: لە سنووری قەزای ئامرلی دوو جار بارەگاکەیان بۆردوومان کراوە، بەبێ ئەوەى زیانی گیانییان هەبێت.
پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026، ئەو لیوایەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، دوو جار لە سنووری ئامرلی بە فڕۆکە هێرش کراوەتە سەریان و ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو بۆردوومانە تۆمەتبار دەکات.
لیوای 63 رایگەیاندووە کە بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی لەنێو چەکدارەکانیان نەبووە و ئەمە سێیەم جارە هێرشی لەو جۆرە بکرێتە سەریان.
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: بۆردوومانەکە بارەگایەکی فەرمیی لیوای 63ی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج کە لە گوندی سەیادە لە قەزای ئامرلییە و ئەو لیوایە سەر بە دەوڵەتی یاسایە.
ئامرلی قەزایەکی زۆرینە تورکمانە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین، ئەو لیوایەی بۆردوومان کراوە زۆرینەی چەکدارەکانی تورکمانی شیعەن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی حەشدی شەعبی، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە، زیاتر لە 50 هێرش کراوەتە سەر گرووپەکانی سەر ئەو دەستەیە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 8 چەکداریان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ