رووداو دیجتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان بە تێکڕاى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەر لە ناردنى بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى 26ى ئایارى 2023، لیژنەکەیان کۆبوونەوەیەک لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بکات."
ئەو کۆبوونەوەیە لەدواى ئەوە دێت کە شەوى رابردوو 25ى ئایار لیژنەکە بەبێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگى لەسەر هەردوو مادەى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی دا، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند گۆڕانکارییەکیان تێدا کرد و چەند بڕگەیەکى بۆ زیاد کرا، کە لەسەر پێشنیازى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانی کوردستان و چەند پەرمانتارێکى شیعەى نێو لیژنەى دارایی بوو.
لەوانە زیادکردنى ناوى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) وەک لایەنى بەرپرس لە فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کەمکردنەوەى ماوەى دانەوەى قەزرەکانى سەر هەرێمى کوردستان لە حەوت ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ، کردنەوەى هەژمارى بانکى داهاتى نەوت لە بانکى ناوەندی و پێدانى دەسەڵات بە وەزیرى دارایی بەوەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرپشک بکات بە خەرجکردنى پارەکەى، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە ناردنى ژمارەى فەرمانبەرانى و دانەوەى مووچە پاشکەوتکراوەکانیان بە رێژەى 10% بۆ هەر مانگێک.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، لە کۆبوونەوەى 25ى ئایار دەنگى لەسەر هەندێک مادەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى داوە، کە ناکۆکیان لەسەر بووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەنگدان بە تێکڕاى پڕۆژەیاساکە و ناردنى بۆ پەرلەمان.
ئەوە لەکاتێکدایە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانى عێراق 24ى ئایار رایگەیاند، رۆژى شەممە 27ى ئایار دەنگ بە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق دەدرێت.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ