ئەم ساڵ 101 ئاگر لە زەویی کشتوکاڵی کەوتووەتەوە و زۆربەیان لە نەینەوا بوون

26-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ 101 ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى کەوتووەتەوە، زۆرترینیان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بوونە.
 
عەقید رەحمان حوسێن، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریی شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە سەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى دروێنەوەى گەنم لە 22ى نیسان تاوەکو 22ى ئایار، 101 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتوونەتەوە."
 
سەماوە یەکەم پارێزگا بوو کە بەرهەمی گەنمى ئەم ساڵى رادەست کرد. لە 16ى ئایارەوە پارێزگاى نەینەوا هەمان هەنگاوى نا. بە گوتەى بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیى عێراق، 20 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانى نەینەوا روویداوە کە زۆترین بووە، بەدوایدا سەلاحەدین و کەرکووک دێن کە لە هەر پارێزگایەک 15 رووداوى ئاگر گەوتنەوە روویانداوە.
 
بۆ رێگرى لە ئاگرکەوتنەوە، بەرگریى شارستانیى عێراق چەند مەرجێکى سەلامەتى دیاریکردووە بۆ باڵەخانە و پڕۆژە و شوێنە بازرگانییەکان.
 
عەقید رەحمان حوسێن راگەیاند: لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە تاوەکو 16ى ئایار، 927 پڕۆژەیان داوەتە دادگەیەکى نێوخۆیی بەڕێوەبەرایەتى بەرگریى شارستانى کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە.
 
ئەو دادگەیە بە سەرۆکایەتى بەڕێوەبەرى گشتیى بەرگریى شارستانى و  ئەندامێتیی دوو ئەفسەرى یاساییە. ئەرکیان سزادانى ئەو کەسانەیە کە پابەندنابن بە رێنماییەکانى خۆپارێزى لە ئاگرکەوتنەوە.
 
لە مانگى نیسانى رابردوودا، 1244 ئاگر لە عێراق کەوتوونەنەوە. بەگوتەى ئەو بەرپرسەى بەرگریى شارستانى، بەراورد بە هەمان مانگى پار کەمتر بووە. 
 
ساڵى 2023 تێکڕاى ئەو رووداوى ئاگرکەوتنەوانەى تۆمارکراون، گەیشتنە21 هەزار و 24 رووداو، بەراورد بە ساڵى پێش خۆى 21% کەمیکردووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە