بەسرە و بەغدا ناکۆکن؛ کێشەى زەوى و 50 تریلیۆن دینار قەرز کەوتووەتە نێوانیان

26-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو هەفتەیە دوو کێشە لەنێوان پارێزگارى بەسرە و حکومەتى فیدراڵى لە بەغدا پەیوەندى نێوانیانى ئاڵۆز کردووە. ناکۆکییەکان پەلى کێشاوە بۆ داواکردنەوەى قەرزى کۆن و نوێى پیترۆ دۆلار، کە بە گوتەى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە، دەگاتە 50 تریلیۆن دینار و پارێزگاکەی "بووەتە مانگایەکى شیردەر بۆ هەموو عێراق."
 
یەکەم ناکۆکى بە ئاشکرا لە 14ى ئایارى 2025 سەریهەڵدا، کاتێک ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە ئامادەنەبوونى ئەسعەد عێدانى، پارێزگار کۆبووەوە و داواکارییەکى رەتکردەوە کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاراستەى کردبوون لەبارەى داواکاریى بەپارێزگاکردنى قەزاى زوبێر.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاکە بە رەتکردنەوە وەڵامى ئەو نووسراوەى دایەوە کە 12ى ئادار ئاراستەیان کرابوو؛ پارێزگاریش بە نووسراوێکى دیکە وەڵامى بەغداى دایەوە و گوتی، بەپارێزگاکردنى قەزاى زوبێر "کاریگەریى نەرێنیى لەسەر پێکهاتەى کۆمەڵایەتیى بەسرە و سنوورە کارگێڕییەکەى دەبێت."
 
زوبێر، ئەو قەزایەیە کە شادەماری ئابووریى بەسرەیە، بەندەرەکانى ئوم قەسر و خۆرزوبێر سەر بەو قەزایەن، کە بەشی زۆری نەوتیان لێوە هەناردە دەکرێت، ئەوەش جگە لە بەرهەمهێنانى رۆژانەى 220 هەزار بەرمیل نەوت لە قەزاکە.
 
19ى ئایار پرسێکى دیکەى جێگەی ناکۆکى لەنێوان بەسرە و حکومەتى فیدراڵى دەرکەوت، کاتێک نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق داواى لە پارێزگارى بەسرە کرد رێکارەکانى بە "کاتى" بۆ لادانى زێدەڕۆیی لە زوبێر رابگرێت، تاوەکو چارەسەرێکى جێگرەوەى بۆ دەدۆزنەوە.
 
کاردانەوەى عێدانى بەرامبەر ئەو داواکارییە "تووند" بوو و لە راگەیێندراوێکدا پێى گوت، "عێراق دەوڵەتێکى فیدراڵییە و فەرمانەکانى سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگاکان جێگەى پابەندبوون نین؛ پارێزگار لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە هەڵدەبژێردرێت و من فەرمانبەرى حکومەت نیم تاوەکو فەرمانم پێ بکرێت."
 
کێشەکە لەسەر 9000 پارچە زەویى 300 هەزار مەترییە کە داگیرکراوە؛ پارێزگار بە فەرمانى دادگە دەستی بە لادانى زێدەڕۆییەکان کرد.
 
ئوسامە سەعد، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) گوتى، "ئەوەى لەبارەى لابردنى زێدەڕۆییەکانەوە باس دەکرێت، نوێ نییە، بەڵکو نزیکەى حەوت ساڵە دەستمان پێکردووە؛ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردن و تووندبوونەوەى ململانێ لەنێوان لایەنەکان لەپشت وروژاندنى ئەو بابەتەوە بووە."
 
ئوسامە سەعد گوتیشی، "کێشەى کەسیمان لەگەڵیان (لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى) نییە، بەڵام کێشەى کارگێڕیمان هەیە کە زیاتر ململانێیە لەسەر دەسەڵات. هەرێمى کوردستانیش هەمان کێشەى هەبووە و بەدەستیەوە گیرۆدە ببوو. ئێمە کار بۆ ناناوەندیی کارگێڕی دەکەین، لە کاتێکدا حکومەت بە ئاراستەى کارگێڕیى ناوەندی دەڕوات؛ ئەمە هەڵەیە."
 
کێشەى زەویى زێدەڕۆ و هەوڵ بۆ گۆڕینى سنوورى کارگێڕیی بەسرە، هاوکاتە لەگەڵ کێشەى کەڵەکەبووى 15 ساڵى رابردووى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى لەبارەى خەرجکردنى بودجەى پترۆ دۆلارى پارێزگاکە.
 
بەسرە بەرهەمى رۆژانەى نەوتەکەى بە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاسای بودجە، دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک پێنج دۆلار بدرێت بەو پارێزگایەى بەرهەمى دەهێنێت.
 
ئوسامە سەعد گوتى، "بەسرە رۆژانە نزیکەى چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، نزیکەى هەمان بڕیش لە بەسرەوە هەناردە دەکرێت. بەسرە بووەتە مانگایەکى شیردەر، بە شێوەیەکى گشتى شیر دەدات بە هەموو عێراق."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە