راوێژکارێکی سوودانی: پڕۆژەی میترۆی بەغدا لە 1979 دەستیپێکردووە

26-05-2025
مالیک محەممەد
محەممەد نەجاڕ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە پاریس قسە دەکات.
محەممەد نەجاڕ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە پاریس قسە دەکات.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆڕبەندی ئابووریی عێراق و فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەچوو. ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە پاریس چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ محەممەد نەجاڕ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان کرد. محەممەد نەجاڕ رایگەیاند، کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە پڕۆژەی میترۆی بەغدا بەشدار دەبن و رۆڵێکی گەورەیان دەبێت. دەشڵێت، هەموو ئەو پڕۆژانەی لە گرێبەست و رێککەوتنانەی لە کۆڕبەندەکەدا لەنێوان فەرەنسا و عێراق واژۆ دەکرێن، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
نەخشەی پڕۆژەی میترۆی بەغدا یەکەمجار لە کۆتایی حەفتاکانی سەتەی رابردوو دانرابوو، بەڵام بەهۆی جەنگ و سزا نێودەوڵەتییەکان، دواخرا و لە ساڵی 2024ەوە کارکردن تێیدا فراوان بووە.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ کۆمپانیایەک بەتەنیا کارەکانی پڕۆژەی میترۆی بەغدای پێناکرێت، هەموو کۆمپانیاکان بە یەک تیم کار دەکەن." 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی چاوپێکەوتنەکە:
 
رووداو: لە کۆبوونەوەی وەزیری بازرگانی عێراق و وەزیری بازرگانی فەرەنسا، باسی چی کرا؟
 
محەممەد نەجاڕ: ئەم کۆڕبەندە زۆر گرنگە و یەکەمجارە کۆڕبەندێک بەم شێوە و قەبارەیە دەکرێت، وەکو بینیتان ئامادەبوونی گەورە هەبوو، کۆمپانیای فەرەنسی ئامادەبوون، گرنگی زۆر بە بابەتەکان دەدرا، کاتێک وەزیری بازرگانی ئەو گرنگیپێدانەی بینی، داوای بینینی فەرەنسییەکانی کرد، بۆ ئەوەی فەرەنسییەکان لە پڕۆژەکانی داهاتووی عێراق وەبەرهێنان و بەشدارییان هەبێت، وابڕیارە لە مانگی تەممووز وەزیری بازرگانی فەرەنسا سەردانی عێراق بکات تاوتوێی پرسە ئابوورییەکان بکەین.
 
رووداو: بەڕێز محەممەد چەند کۆمپانیایەکی تورکی، فەرەنسی و ئیسپانی بەشدارن لە پڕۆژەی میترۆ، کاری کۆمپانیا فەرەنسییەکان چییە لەو پڕۆژەیەدا؟
 
محەممەد نەجاڕ: وەکو دەبینن ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورەیە، کۆمپانیا ئەورووپییەکان ئەزموونی گەورەیان لەو پڕۆژانەدا هەیە و دەتوانن کەلوپەلەکان دروست بکەن، هیچ کۆمپانیایەک بەتەنیا کارەکانی پێناکرێت، کۆمپانیاکان بە تیم کار دەکەن پێکەوە، بۆ نموونە هەندێک لە کار هەیە ئیسپانییەکان زیاتر تێیدا چالاکن، هەندێک کاریش هەیە فەرەنسییەکان چالاکییان تێدا زۆرە، هاوکاری لە نێوان هەموویاندا هەیە، ئەو پڕۆژەیەش بە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ دادەنرێت بۆ شارێکی وەکو بەغدا.
 
رووداو: ئەو پڕۆژەیە بۆچی تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووە؟ بۆچی دواکەوتووە؟
 
محەممەد نەجاڕ: بەڕاستی ئەو پڕۆژەیە کە دەستیپێکرد من منداڵ بووم، لە ساڵی 1979 دەستیپێکرد، بەڵام هەمیشە لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست یان لەبەر بەباشی کار نەکردن و روانگەی پێویست بۆ پڕۆژەکە، کارەکانی پەکی دەکەوت و دوادەکەوت، ئێستا کارەکان زۆر بەباشی دەکرێن، کۆمپانیای بەغدا بۆ گواستنەوە دروست دەکرێت و هاووڵاتییان لە داهاتوودا دەتوانن پشکیان لەو کۆمپانیایەدا هەبێت. پڕۆژەکە میترۆی هەڵواسراو، میترۆی زەوینی و ژێرزەوی لەخۆ دەگرێت، ئەوەش بۆ بەغدا گرنگە و کاتیشی دەوێت چونکە بەغدا شارێکی کۆنە، پێویستیشە ئەو رووبەرە بچووکانە بقۆزینەوە کە لە شارەکەدا هەن، بۆئەوەی رووبەرێکی فراوان داگیر نەکەین. بۆیە پڕۆژەکە بۆ یەکەمجارە بەشێوەیەکی زانستی و واقیعی کاری تێدا دەکرێت.
 
رووداو: راگەیێندراوە کە پڕۆژەکە 17.5 ملیار دۆلار گوژمەیەتی، هیچ کێشە لە دابینکردنی بودجەکەدا دەبێت؟
 
محەممەد نەجاڕ: بەڕاستی پڕۆژەی میترۆ لەو پڕۆژانەیە کە بەدەست کێشەی بودجەوە دەناڵێنێت، چونکە هەمووی لە رێگەی وەبەرهێنەرانەوە دەکرێت، لە بودجەی یەکەمدا نزیکەی ملیارێک دۆلاری بۆ دابینکرا، ئێستاش 550 ملیۆن دۆلارمان لە سندووقەکەدا هەیە، ئەوانی دیکەش بودجەیان بۆ دابین دەکرێت و پێموانییە کێشەی بودجەمان بۆ دروست ببێت.
 
رووداو: فەرەنسا دەیەوێت لە چەند پڕۆژەیەکی گەورەی عێراق بەشدار بێت، فەرەنسا چاوی لە چ پڕۆژەیەکە؟ ئێوەش کارئاسانییان بۆ دەکەن بۆ بەشداربوونیان؟
 
محەممەد نەجاڕ: لە راستیدا فەرەنسا لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا کار و پڕۆژەی زۆری لە عێراق کردووە، ئەم خواستەی ئێستاشیان لە روانگەی بوونیانە لەو سەردەمەدا، دوای هەشتاکان و نەوەدەکان بەشێکی زۆری ئەو کۆمپانیا فەرەنسییانە لە عێراق کشانەوە،  ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە چونکە ئەوان لە هەندێک بواردا پێشکەوتوون، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین، ئەمە وادەکات بازنەی پڕۆژە و کارەکانمان فراوان بکەین، چەند بتوانین ئەو بازنەیە فراوانتر بکەین، پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتاندا باشتر دەبێت. ئەو پڕۆژانەی ئێستا تەرکیزمان خستووەنەتەسەر پڕۆژە گەورەکانن، وەک دەزانن گەورەترین پڕۆژەمان داوەتە دەست کۆمپانیای تۆتاڵ لە پڕۆژەکانی نەوت، ئێستاش کار لەسەر پڕۆژەکانی دیکە دەکەین وەکو پڕۆژەکانی ژێرخان و گواستنەوە بە تایبەت، چونکە فەرەنسییەکان لە بواری گواستنەوەدا لە پێشەنگی وڵاتاندان، بۆیە ئێمە لە رێگەی ئەوانەوە گرنگی زۆر بە پڕۆژەی میترۆ دەدەین.
 
رووداو: عێراق کێشەی کارەبای هەیە، ئایا ئەمڕۆ باسی ئەوەتان کرد کە کۆمپانیا فەرەنسییەکان چۆن دەتوانن چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن؟
 
محەممەد نەجاڕ: بەڵێ.. لەم دۆخەدا فەرەنسا، کۆمپانیای ئەلستۆن ئەو وێستگانەی فرۆشت کە کارەبایان تێدا بەرهەم دەهێندرا، بەڵام لە دەتوانین لە بواری گواستنەوەی کارەبا و گەیاندنی کارەبا کە پێی دەگوترێ تۆڕی زیرەک، ئەمڕۆ ئەو بابەتانەمان زۆر تاوتوێ نەکرد، چونکە ئەو پرۆسانە تەکنیکین و ناکرێ لە کۆبوونەوەی وەزیرەکاندا رێککەوتنی لەسەر بکرێت و باس لەوانە بکرێت.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان تا چەند سوودمەند دەبێت لەم کۆڕبەندەی ئەمڕۆ؟
 
محەممەد نەجاڕ: هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی عێراقیدا نوێنەری هەیە، ئەو پڕۆژانەی کە باسیان لێوەکرا هەمووی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، جگە لە میترۆی بەغدا، چونکە ناتوانین میترۆیەکە بگەیێنینە هەولێر یان سلێمانی، بەڵام ئەوان بە هێزەوە ئامادەبوون لە کۆڕبەندەکەدا و پشتبەخوا سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.