وێنەیەکی نوێی سەدام حوسێن بڵاوکرایەوە؛ پێش لە سێدارەدان چی گوتووە؟

26-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وێنەیەکی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بەر لە سێدارەدانی بڵاودەکرێتەوە، کە لە ژوورێکدا لەگەڵ سەرۆکی دادگەی تەمیز دانیشتووە. سەرۆکی ئەوکاتی دادگە وردەکاریی وێنەکە و دوایین قسەکانی سەدامیش پێش لەسێدارەدانی بە چەند خولەکێک، بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
 
لە وێنەکەدا کە لە ژوورێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق گیراوە، سەدام قورئانێکی بەدەستەوەیە و بەرامبەر دادوەر مونیر حەداد، سەرۆکی پێشووی دادگەی تەمیزی عێراق دانیشتووە.
 
دادوەر مونیر حەداد کە ئەو کات سەرۆکی دادگەی تەمیزی عێراق بوو، رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، لەبارەی وردەکاریی وێنەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وێنەکە رۆژی 30-12-2006 گیراوە، شوێنەکە هۆڵێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازییە لەناوچەی کازمییەی بەغدا، ئەوکات من سەرقاڵی خوێندنەوەی بڕیاری دادگەی تەمیزبووم بۆ سەدام حوسێن."
 
لە وێنەکەدا سەدام حوسێن پاڵتۆیەکی رەنگ رەشی لەبەردایە کڵاوێکی رەشی لەسەرە، قورئانێکیشی بەدەستەکانییەوە گرتووە، کە بە لاستیکێکی سپی کەلەپچە کراون، مونقیز ئال فیرعەون، داواکاریی گشتیی ئەوکات لەولاوە لەسەر قەنەفەیەک دانیشتووە، دادوەریش بڕیارەکانی دادگەکە و ژمارەیەک دۆسیەی لەپێش خۆی لەسەر مێزەکە داناوە و بۆ سەدامی دەخوێنێتەوە، لە پشتەوەی دادوەرەکەش بەشێک لە کامێرای وێنەگرێک دەردەکەوێت کە وێنەی سەدام حوسێن دەگرێت.
 

دادوەر مونیر حەداد سەبارەی بە کاردانەوەی سەدام حوسێن لە کاتی خوێندنەوەی بڕیاری دادگە گوتی: "سەدام زۆر تووڕە بوو، هێرشی کردە سەر ئەمریکا و بە داگیرکەر ناوی برد، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئێران و کوێتیش."
 
هەروەها ئاشکرایکرد"سەدام هێرشی تووندیشی کردە سەر ئێمە و بە بەکرێگیراوی داگیرکەر ناوی هێناین، لەکاتێکدا خۆی بەکرێگیراوی زۆر لایەن و وڵات بوو."
 
سەبارەت بە چارەنووسی قورئانەکەی دەستیشی، ئەو دادوەرە روونیکردەوە: "رادەستی پارێزەرەکەی کرد، کە عەواد ئەحمەد بەندەر بوو." 
 
سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە 28ـی نیسانی 1937 لە گوندی عوجەی تکریت لە پارێزگای سەلاحەدین و لە تیرەی ئەلنەدای سەر بە هۆزی ئەلبوناسرە لەدایکبووە، دوای زیاتر لە 35 ساڵ مانەوە لە دەسەڵات و حوکمڕانیی عێراق، بەهۆی ئەو تاوانانەی کردبوونی، رۆژی 30-12-2006  لە سێدارەدرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە