رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکانە و وادەکەش درێژ ناکرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 26ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکانی هاوپەیمانی و پارتەکان، کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، وادەکە کۆتاییە و درێژ ناکرێتەوە."
بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچییەوە، رۆژی پێنجشەممە پشووی فەرمییە لە تەواوی عێراقدا، بەڵام گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی، کۆمیسیۆن دەوام دەکات و پشووی نییە و لیستی بەربژێرەکان وەردەگرێت.
لە 25ی مانگی رابردوو دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کرایەوە. بە گوتەی جومانە غەلای، زۆربەی کات هاوپەیمانی و پارتەکان لە دوایین رۆژ و کاژێرەکاندا، لیستی بەربژێرەکانیان رادەست دەکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
لە 25ی ئادارەوە پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد و 20ی ئەم مانگە کۆتاییهات. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە 2ـیی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو ملیۆن و 155 و 160 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار و نوێکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریان هەیە و دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن. گوتیشی، ئەو ژمارەیە نزیکەی 70-75%ی ئەوانە پێکدەهێنێت کە مافی دەنگدانیان هەیە. نزیکەی 7 ملیۆنی کەسی دیکەش بە هەر هۆکارێک بێت، ناویان تۆمارنەکردووە یان تۆماریان نوێ نەکردووەتەوە و بێ کارتی دەنگدانی بایۆمەتریش کەس ناتوانێت دەنگ بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ