لای سوننەکان ئەمڕۆ سەری ساڵی کۆچییە و لای شیعەکانیش سبەی

26-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی کۆچیی 1447، جارێکی دیکە لە عێراقدا جیاوازی لەنێوان سوننە و شیعەدا لەسەر دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم سەریهەڵدایەوە. دیوانی وەقفی سوننە ئەمڕۆ پێنجشەممەی بە یەکەم رۆژی ساڵی نوێ داناوە، لە کاتێکدا نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان سبەی هەینی بە سەری ساڵی کۆچی دەزانێت.
 
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، دیوانی وەقفی سوننەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە پشتبەستن بە بینینی مانگ، رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، بە یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و دەستپێکی ساڵی نوێی کۆچیی 1447 دیاری کراوە.
 
حکومەتی عێراقیش بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆی لە سەرجەم دامودەزگەکان کردووەتە پشووی فەرمی.
 
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەکانی عێراق، رایگەیاند کە رۆژی هەینی، 27ی حوزەیران، یەکەم رۆژی مانگی موحەڕەم و سەرەتای ساڵی نوێی کۆچی دەبێت.
 
ئەم جیاوازییە لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگەکانی ساڵی کۆچیی لەنێوان سوننە و شیعە لە عێراقدا پرسێکی نوێ نییە و ساڵانە لە بۆنە ئایینییەکاندا، بەتایبەتی لە جەژنەکانی رەمەزان و قورباندا، دووبارە دەبێتەوە.
 
ساڵنامەی کۆچی، کە بە ساڵنامەی ئیسلامی (هیجری)ش ناسراوە، یادکردنەوەی رووداوی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د.خ) و موسڵمانانە لە شاری مەککەوە بۆ مەدینە، کە بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئیسلامدا.
 
ئەم ساڵنامەیە لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا وەک ساڵنامەیەکی فەرمی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی دانرا و رووداوی کۆچکردنەکە وەک سەرەتای ساڵی یەکەمی کۆچی دیاریکرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە