رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى هەواڵگریى سەربازیى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند: لە تیکتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى دیکەوە کەسانێک لە دەرەوەى وڵات، ڤیدیۆى "چەواشەکار و ناڕاست" لە بارەى سوپا بڵاودەکەنەوە بۆ رووخاندنى ورەیان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەیرى ئەو ڤیدیۆیانە نەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ى حوزەیرانى 2025، بەڕێوەبەرایەتى هەواڵگریى سەربازیى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق ئاگادارییەکى ئاڕاستەى سەربازانى سوپا کرد لەبارەى ئەو "دەنگۆیانەی سەبارەت بە سوپا بڵاودەکرێنەوە."
بە گوێرەى ئاگادارییەکە کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی چاودێریی چەند ڤیدیۆیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی تۆڕى تیکتۆک کردووە، کە بە گوێرەى ئاگادارییەکە "ناوبانگی سوپای دەزڕێنن".
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی دەڵێت: "ئەو ڤیدیۆیانە زانیاریی چەواشەکارانەن و هەڵبەستراو و بێبەڵگەن و دوای چاودێری و وردبینی و لێکۆڵینەوە لەو جۆرە بڵاوکراوانە، دەرکەوتووە ئەو زانیارییانەی لە ڤیدیۆکاندا باس کراون، هیچ راستییەکیان تێدا نییە".
بڵاوبوونەوەى ئەو گرتە ڤیدیییانە هاوکات بوو لەگەڵ ماوەى جەنگى 12 رۆژەى نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەشێکیان گومانیان لە ئاستى ئامادەیی سوپاى عێراق دروست دەکرد لە رووبەڕووبوونەوەى ئەو هەڕەشانەى ئەگەری هەبوو لەسەر عێراق دروست ببن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە: "خاوەنی ئەو پۆست و پەیجانە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی دەنگۆیە بۆ رووخاندنى ورەی سوپای عێراق".
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی داواى لە سەرجەم سەرباز و کارمەندانى وەزارەتى بەرگرى و هاووڵاتییان کردووە بانگەشە بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕ و پەیجە نافەرمی و نامتمانەپێکراوانە نەکەن، سەیریان نەکەن و پشتگیرییان لێ نەکەن، بەڵکو سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن.
25ی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند: فەرمانی دادگە بۆ دەستگیرکردنی چالاکڤانی میدیایی عەباس فەلاح عەرداوی جێبەجێ کراوە بە تۆمەتى بڵاوکردنەوەی "پۆستێکی هاندەرانە" کە گوایە تیایدا "سووکایەتی بە دامەزراوەی ئەمنی کردووە و ناوى زڕاندوون و ئەوەى بە "زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی" لە قەڵەم دراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی رایگەیاند: بەپێی یاسا لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو ماڵپەڕانە دەکرێت کە ئەو جۆرە بابەتانە بڵاودەکەنەوە و بانگەشەی بۆ دەکەن و سەرپێچیکاریش بەرپرسیار دەبێت لە هەموو لێکەوتە یاسایی و مەعنەوییەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ