رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرى عەلی سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق هۆشداری لە دۆخى ناوچەکە دا و راگەیاند، ئەو دۆخەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت "زۆر مەترسیدارە" و گەلی عێراقیش لەو ململانێیەی کە هەیە، زوو بێت یان درەنگ، بەدەر نابێت و ئەگەر بە جیدی کار بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەیان نەکەن، داهاتوویان لە ئێستایان باشتر نابێت.
عەبدولمەهدى کەربەلایی، نوێنەرى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعە لە عێراق رایگەیاند: ئەو دۆخەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت "زۆر مەترسیدارە" و گەلی عێراقیش لەو ململانێیەی کە هەیە، زوو بێت یان درەنگ، بەدەر نابێت و پێویستە عێراقییەکان لەوە بەئاگابن.
عەبدولمەهدى کەربەلایی گوتى: "دەبێت عێراقییەکان، هۆشیار و دووربین بن لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا و گرنگی بەوە بدەن کە کاروبارەکانیان رێکدەخاتەوە، دوور لە هەندێک دیاردەی هەڵخەڵەتێنەر، با ئەوە بزانن ئەگەر بە جیدی کار بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەیان نەکەن لەسەر بنەمای دروست، ئەوا داهاتوویان لە ئێستایان باشتر نابێت".
ئەو گوتانەى نوێنەرى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعە، لە رێورەسمى گۆڕینى ئاڵاى سەر مەزارى ئیمام حوسێن و ئەبو فەزل عەباس بوو کە ئەمشەو پێنجشەممە، 26ى حوزەیرانى 2025 لە شارى کەربەلا بەڕێوەچوو.
نوێنەرى عەلى سیستانى گوتى: "گەلی عێراق کە چەندین ساڵ قوربانی دا بۆ قوتاربوون لە ستەمکاری و هێنانەکایەی رێڕەوێکی دەستووری کە گەرەنتی دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بکات و بە هەموو هێزێکەوە رێگر بێت لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی ستەم و سەرکوتکردن و سڕینەوەی کەرامەتی مرۆڤایەتی، بەبێ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەردەوام بێت لە پارێزگاریکردن لێی. ئەگەرچی هەست بە ئازاری هەڵە گەورەکان و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو نەرێنییە کەڵەکەبووە دەکەن کە لە ئەستۆی زۆربەی ئەوانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەرپرسیارێتییان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا هیوا هەیە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە."
هۆشدارییەکانى نوێنەرى مەرجەعى باڵاى شیعە هاوکاتە لەگەڵ دۆخى ئاڵۆزى ناوچەکە لەدواى رووداوەکانى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023، و جەنگى ئیسرائیل لەدژى ئێران و هێرشەکانى بۆ سەر حیزبوڵڵاى لوبنانى و بزوتنەوەی حەماس لە کەرتى غەززەى فەلەستین.
عەبدولمەهدى کەربەلایی گوتى: "وەک ئەوەی پێشتر مەرجەعییەت ئاماژەی پێدا، دەبێت عێراقیەکان سوود لە ئەزموونەکان وەربگرن و کار بکەن بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتەکەیان، ئەوەش نایەتەدی مەگەر بە هەبوونی پلانێکى زانستی و کرداری بۆ بنیاتنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستپاکی لە وەرگرتنى بەرپرسیارێتی، رێگریکردن لە دەستێوەردانی دەرەکی بە شێوازە جیاوازەکانییەوە، چەسپاندنى یاسا و سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵى".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ