رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق 31 بەربژێری دیکەی بە تۆمەتی بەعسیبوون و تاوانی دیکە دووردەخاتەوە، بەربژێرێکی دیکەش بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەکەی دوورخراوەتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە یەک بڕیار کە پێنجشەممە 25ی ئەیلوولی 2025 دەریکردووە، 19 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دوورخستووەتەوە بە پاساوی ئەوەی بڕگەی پێنج لە مادەی 7ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرتوویەتییەوە.
ئەو بڕگەیە تایبەتە بەو کەسانەی کە پێشینەی بەعسیبوونیان هەیە، کە نابێت لە عێراق پۆستی باڵا وەربگرن کە پەرلەمانتاری یەکێکە لەو پۆستانە.
کۆمیسیۆن بە بڕیارێکی دیکە 12 بەربژێری دیکەی دوورخستووەتەوە، کە بڕگەی سێی لە مادەی 7ی یاسای هەڵبژاردنەکان گرتوویەتییەوە، کە تایبەتن بە پێشینەی تاوان.
9 لەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە هێشتا دۆسیەکانیان لە دادگە یەکلانەبووەتەوە کە بریتین لە ساختەکردن، بەرتیل، دزی و فێڵکردن.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 25ی ئەیلوول بە بڕیارێک عیماد ئیبراهیم ئەسلەمی، بەربژێری لیستی عێراق بۆ ئیسلاح دوورخستووەتەوە بە پاساوی ئەوەی بڕوانامەی زانکۆى ساختە کردووە، دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق لەو ساختەکارییە ئاگاداری کردووەتەوە.
11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژێک بەر لەوە دەنگدانی تایبەت دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ