رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا لە وەڵامی گوتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە عێراق دەڵێت، "هیچ بەهایەک بۆ ئەو لێدوانانە دانانێین."
ئەمڕۆ هەینی حوسێن موسەوی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا و گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ بەهایەک بۆ ئەو لێدوانانەی نەتەنیاهوو دانانێین کە بە لێوی لەرزۆکەوە دەریبڕین. خۆی، ئەمریکا، هەندێک وڵاتی ئەورووپی و ناپاکەکان کە لەگەڵیدا وەستابوون و پشتگیرییان دەکرد، ئەوانە لە قەیرانێکی ئەخلاقی و مرۆیی قووڵدان و ویژدانیان مردووە."
گوتەبێژی نوجەبا گوتیشی، "بژاردەکانمان کراوەن. ئەوانە هێزی ئێمەیان تاقی کردووەتەوە، ئەو کاتەی مووشەک و درۆنەکانمان لە هەستیارترین شوێنەکانیانی دا."
موسەوی دەشڵێت، "گوتارەکەی نەتەنیاهوو هەڕەشەیەکی بەتاڵە و رەوایی پێدان بوو بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و هەڕەشەکردن بوو بۆ سەر ئاشتیی جیهان، لەگەڵ پێشێلکارییە زەقەکانی بۆ هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان."
بە گوتەی گوتەبێژی نوجەبا، گوتارەکەی نەتەنیاهوو "هەوڵدانە بۆ هەڵاتن لەو دۆخە تاڵەی کە خۆی و دەوڵەتە خەیاڵییەکەی تێیدا دەژین."
ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەکاتی گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پیشانی ئامادەبووانی هۆڵەکە دا و ئەو شوێنانەی ئیسرائیل پێیوایە لە بەرەی ئێراندان، لەسەر نەخشەکە بە سوور رەنگ کرابوون، کە یەکێک لەو وڵاتانە عێراق بوو.
نەتەنیاهوو گوتی، "ئەو میلیشیایانەی لە عێراق کە لەم کاتەدا پێشیان لێگیراوە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، سەرکردەکانی ئەوانیش دەڕۆن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ