ئەمساڵ لە عێراق زیاتر لە 16 هەزار کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

26-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ 16 هەزار و 399 کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و سەرووی 18 تۆن مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروبای مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ 16 هەزار و 399 کەس بە تاوانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 9600یان سزای لەسێدارەدان و زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر ئەمساڵ دەست بەسەر سێ تۆن و 528 کیلۆ مادەی هۆشبەر و 618 دەمانچە، 325 کڵاشینکۆڤ و 173 نارنجۆک و 1596 ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
 
هەروەها باس لەوە دەکات کە لە رووبەڕووبوونەوەکاندا 13 بازرگان کوژران و 11ی دیکە بریندار بوون، لەگەڵ کوژرانی سێ کارمەندی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و برینداربوونی 23ی دیکە.
 
بەپێی ئامارەکان، لەنێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2022 زیاتر لە 37 هەزار بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
 
دیارترین ئەو جۆرانەی مادەی هۆشبەر کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە بریتین لە کریستاڵ: زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیشی ئێرانە. هەروەها حەشیش: لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە. لەگەڵ حەبی کەپتاگۆن: زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە. لە بەغدا، زۆربەی جۆرەکانی هۆشبەر بڵاوبوونەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکیش بۆ پارێزگاکانی دیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە