رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای کەربەلا راستیی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد، کە تێیدا ژمارەیەک قوتابی کچ لە قوتابخانەیەکدا بەهۆی نەبوونی کورسی (رەحلە) لەسەر زەوی دانیشتوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26-10-2025 وەمیز خەلیل تەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سێ هەفتە لەمەوبەر سەردانی قوتابخانەی ئیسرام کرد، پێویستیی هەبوو، وەک هەندێک تەختەڕەش و رەحلەی قوتابخانە، بۆیە بۆمان دابینکردن."
سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییەکان، هەر زوو گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکرایەوە، کە هەندێک لە قوتابیانی قوتابخانەکە لەسەر زەوی دانیشتوون.
سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆییەکە، وەمیز خەلیل تەمیمی روونیکردەوە، "ئەو کاتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لەوێ نەبووە و یاریدەدەرەکەی رێگەی بە یەکێک لە کەسوکاری قوتابییەکان داوە بچێتە ناو قوتابخانەکە و وێنە بگرێت بۆ مەبەستی رووخاندنی سیاسی کە سەر بە لایەنێکی دیاریکراوە."
بە گوتەی وەمیز خەلیل، "ئەو کەسەی وێنەی گرتووە هەوڵیداوە ئەم بابەتە بجووڵێنێت بە بیانووی ئەوەی هاتووە بۆ وێنەگرتن تاوەکو رەحلەی قوتابخانە بەدەستبهێنێت یان پشتگیریی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو وەربگرێت."
وەمیز خەلیل گوتیشی، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو کەسوکاری قوتابییان لە قوتابخانەکە بوون و سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەر تۆمار دەکەن، چونکە رێگەی داوە بەو شێوە سووکایەتیپێکراوە وێنەی منداڵەکانیان بگیرێت، کە بە دڵنیاییەوە راستەقینە نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەربەلا باسی لەوەش کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتەکە پێکهێناوە و "داوای یاساییمان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە." روونیشیکردەوە، "ژمارەی رەحلەکان لە قوتابخانەی ئیسرا زۆرە، تەختەڕەشی نوێشمان بۆ دابینکردوون."
سەبارەت بە ژمارەی قوتابخانەکانی پارێزگاکە، گوتی، "کۆی گشتیی ژمارەی قوتابخانەکان لە کەربەلا 1007 قوتابخانەیە، کە لە نزیکەی 558 بینادا دەوام دەکەن." گوتیشی، "بۆ رزگاربوون لە دوو دەوامی و سێ دەوامی و قوتابخانە کەرەڤانییەکان، پێویستمان بە 389 قوتابخانەی دیکە هەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەربەلا، ئەمساڵ لە چوارچێوەی پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانە لەلایەن چینەوە 44 قوتابخانەیان وەرگرتووە، هەروەها 18 قوتابخانەیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی هەرێمەکان بۆ دروستکراوە. جگە لەوەش زەوییان بۆ 200 قوتابخانە بۆ تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ