رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی پارێزگای دیالەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دیالە 15 سەرپێچی هەڵبژاردن تۆمارکراون. دەشڵێت، "ئامێر و کارتەکانی دەنگدان ئامادەن."
عەلی کەریم، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگای دیالەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 26-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 15 سەرپێچی هەڵبژاردنیان لە پارێزگای دیالە تۆمار کردووە.
عەلی کەریم دەڵێت، سەرپێچییەکان جۆرارجۆرن وەک دانانی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شوێنی رێگەپێنەدراو، یان لە نزیک ناوەندی هەڵبژاردن. گوتیشی، سێ رۆژ مۆڵەت دەدرێتە سەرپێچکاران بۆ لابردنی سەرپێچییەکان، ئەگەر لایاننەبرد، بە پێبژاردن سزادەدرێن، ئەگەر دووبارەیان کردەوە رێکاری دیکەی تووندتریان لە بەرامبەر دەگرنەبەر.
لەبارەی پێویستییەکانی هەڵبژاردن، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگای دیالەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئامێر و کارتەکانی دەنگدان ئامادەن، کارتی دەنگدان بە قەد ژمارەی دەنگدەرانە کە سەرووی 950 هەزار کارتی دەنگدانە.
لە دیالە 330 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەکەن، 50 لەو بەربژێرانە لە پارتە کوردستانییەکانن.
بە گوتەی بەڕێوبەری نووسینگەی دیالەی کۆمیسیۆن، لە دیالە هەشت پارت و حەوت هاوپەیمانی و بەربژێرێکی تاک کێبڕکێ دەکەن. یەکێتی 30 بەربژێر و پارتی 16 بەربژێر و پارتی سۆسیالیست 4 بەربژێری هەیە.
رۆژی 01-11- 2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، کە بڕیارە رۆژی 18-12-2023 لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ