رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، چین گەورەترین هاوبەشی بارزگانیی عێراقە و دەڵێت، ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە 53 ملیار دۆلار بووە، ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند ،ساڵانە نزیکەی 100 ملیار دۆلاری عێراق بۆ کڕینی شتومەک دەچێتە دەرەوە.
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق، لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و چینەوە لە سەرووبەندی رێوڕەسمی دامەزراندنی ئەنجوومەنی کاری عێراقی چینی رایگەیاند، "وەبەرهێنانی گەورە لەنێوان عێراق و چین هەیە و عێراق دەیەوێت سوود لە توانای سیاسی و ئابووریی چین وەربگرێت، کە ماوەی 65 ساڵ دەبێت پەیوەندیی هەردوو لا هەیە، بەتایبەت دیبلۆماسی."
وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان چین بۆ ساڵی 1997 دەگەڕێتەوە، کە رێککەوتننامەی هاوئاهەنگیی بازرگانی و ئابووریی لێکەوتەوە.
وەزیری بازرگانیی عێراق، کە دوێنێ شەممە لە رێوڕەسمێکدا ئاشکرای کرد، "کۆماری میللیی چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە، لەساڵی 2022 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 53 ملیار دۆلار."
وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی، عێراق بایەخی تایبەت بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ چین دەدات بەتایبەت لە رێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراقی کە ناوچەکە لەڕووی ئابوورییەوە دەگوێزێتەوە بۆ قۆناخێکی دیکە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی شمەک لە ئەوروپاوە بۆ کەنداو و بە پێچەوانەوەشەوە لەرێگەی عێراقەوە ئاسان دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی قەبارەی بازرگانیی چین و عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ هێنانی کەلوپەل و شمەک ساڵانە پارەیەکی زۆری عێراق بە گشتی دەچێتە دەرەوە، کە بە نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کێشە ئەوەیە بەشێکی ئەو لیستانەی دیاریکراون بۆ هێنانی بۆ عێراق ئەو کەلوپەلانە نین، کە گوایە هاوردە دەکرێن."
شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە چین، رۆژی چوارشەممە، (18-10-2023) لە رێوڕەسمێکدا کە تایبەت بوو بە رێگەی ئاوریشم بە مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە پەکین گوت، ئەم ساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین دەگاتە 50 ملیار دۆلار.
شۆڕش خالید ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردووش بەراورد بە ساڵی 2021، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە 43٪ زیادی کرد و گەیشتە 53 ملیار دۆلار، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بەهۆی بەندەری گەورەی فاو، عێراق دەبێتە وێستگەی سەرەکی لە پڕۆژەی رێگەی نوێی ئاوریشم بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا، ئەوەش لە رێگەی تونێلی دووسایدی بەندەری خۆری زوبێر لەژێر ئاوی شەتولعەرەبەوە، کە بەندەری گەورەی فاو لەسەر ئاوی کەنداو بە هێڵی شەمەندەفەر لە باشوورەوە تاوەکو باکووری عێراق دەبەستێتەوە؛ لەوێشەوە بەرەو تورکیا و سووریا درێژدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ