رووداو دیجیتاڵ
عێراق ئەنجامی سەرژمێری راگەیاند. ژمارەی دانیشتووان 46 ملیۆن کەسی تێپەڕاند و وەزارەتی پلاندانان دەڵێ، کۆمەڵگەی عێراق گەنجە و 60%ـی دانیشتووان لە تەمەنی کارکردندان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-11-2025، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (هاووڵاتییانی عێراقی و بیانی) گەیشتووەتە 46,118,793 کەس.
رەگەز: رێژەی نێر 50.2% (23,161,000 کەس) و رێژەی مێ 49.8% (22,957,000 کەس).
ژمارەی هاووڵاتییانی عێراقی 45,778,000 کەسە، لە کاتێکدا 340,131 کەسی بیانی لە عێراق نیشتەجێن.
گەشەی دانیشتووان: گەشەی ساڵانەی دانیشتووان بە 2.5% تۆمارکراوە.
پێکهاتە و قەبارەی خێزان
وەزیری پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کۆی گشتیی ژمارەی خێزانەکان لە عێراق 8,504,385 خێزانە، بەم وردەکارییانەی خوارەوە:
سەرۆکی خێزان: زیاتر لە 7 ملیۆن خێزان لەلایەن پیاوانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، لە بەرامبەردا 910 هەزار خێزان لەلایەن ژنانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
قەبارەی خێزان: تێکڕای قەبارەی خێزان لە عێراق 5.7 کەسە، بەڵام جیاوازیی جوگرافی هەیە؛ لە پارێزگاکانی باشوور قەبارەی خێزان بەراورد بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق گەورەترە.
عێراق وەکو "کۆمەڵگەیەکی گەنج"
ئامارەکان دەریدەخەن کە عێراق خاوەنی سەرمایەیەکی مرۆیی گەنجە:
تەمەنی 0 بۆ 14 ساڵ: ژمارەیان 16,555,000 کەسە کە دەکاتە 35.9%ی کۆی دانیشتووان.
تەمەنی کارکردن (15 بۆ 64 ساڵ): گەورەترین پشک پێکدەهێنن بە رێژەی 60.4%ی دانیشتووان (27,875,000 کەس).
تەمەنی 65 ساڵ و بەسەرەوە: تەنیا 3.6%ی دانیشتووان پێکدەهێنن (1,688,000 کەس).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ