رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ نزیکەی 5000 ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون" کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو دابەزیوە.
نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی: "دوو فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەمان لە کۆریای باشوورەوە بەدەستگەیشتووە کە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست تەرخان کراون."
ئاماژەی بەوەش کرد: "گرێبەستی دیکەمان کردووە بۆ دابینکردنی فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە بۆ شارەکانی باکوور و باشوور کە لە باشوور لە بەسرە و لە باکووریش لە نەینەوا دەخرێنە خزمەتەوە."
بە گوتەی نەواس سەباح، "هەرکات هەرێمی کوردستان پێویستی بەو فڕۆکانە بێت، ئامادەین بۆ هاوکاریکردنیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر".
نەواس سەباح باسی لەوە کرد: "یەکێک لە فڕۆکەکان تایبەتە بە گواستنەوەی ئاو و شلەمەنی تایبەت بۆ کوژاندنەوەی ئاگر کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی 3000 لیتر ئاو و شلەمەنی هەیە. فڕۆکەکەی دیکەش کەرەستە و پێداویستی تایبەت بە رزگارکردن و فریاگوزاری سەرەتایی هەڵدەگرێ و دەتوانێ 14 کارمەندیش هەڵبگرێت."
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، پار 8554 رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون، لە کاتێکدا ساڵى 2023 ژمارەى ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 21 هەزار رووداو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ