528 تانە بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن نێردراون و 36یان رەتکراونەتەوە

26-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

528 تانە لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کراون و تاوەکو ئێستا 36 یان رەتکراونەتەوە، کۆمیسیۆن پێشبینی دەکات تاوەکو دوو هەفتەی دیکە سەرجەم تانەکان یەکلابکرێنەوە، کە هەنگاوى بەر لە پەسندکردنی ناوی بەربژێرە سەرکەوتووەکانە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە.
 
چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ وەڵامی 122 تانەمان ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە بۆ یەکلاکردنەوەیان، بەوەش لە کۆی 872 تانە کە پێشکێشکراون، وەڵامی 528 تانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئامادەکراوە و وەڵامی 406 تانەیان بە یەکجار نێردراوە بۆ دەستەکە".
 
20ی تشرینی دووەم دوا وادەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوو بۆ وەرگرتنی تانەکان لەبارەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
کۆمیسیۆن ماوەی یەک هەفتەی لەبەردەمدایە بۆ ئامادەکردنی وەڵام و راسپاردەی خۆی لەبارەی تانەکان و کاتێکیش دەینێرێت بۆ دەستەی دادوەری، بۆیان هەیە لە ماوەی 10 رۆژ لە وەرگرتنی تانەکان یەکلابکرێنەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو هەفتەیە رۆژانی پشووی لێدەردەکرێت، بەوپێیە پێشبینی دەکەین سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەڵامی سەرجەم تانەکان ئامادە بن و لە ماوەی دوو هەفتەشدا دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بڕیاری لەبارەوە بدات.
 
ئەو رێکارە لەبارەی تانەکان، هەنگاوی بەر لە ناردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسندکردنی، دوای ئەو هەنگاوەش وادە دەستوورییەکان بۆ کردنی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستپێدەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە