رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، تەرمی دوو هاووڵاتیی کوێتی و سعودی لە بیابانی گەورەی ئەنبار دۆزرانەوە کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی پاشماوەی داعش گیانیان لەدەستداوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، بڵاویکردەوە، ئەنوەر زفیری، هاووڵاتیی سعودی و فەیسەڵ متیری، هاووڵاتیی کوێتی بە ڤیزای گەشتیاری هاتوونەتە عێراق نەک بۆ راوکردن، یەکەمیان لە17-12-2023 و دووەمیان لە 20-11-2023 بووە.
دوای ونبوونی ئەو دوو گەشتیارە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گەڕان بۆ دۆزینەوەیان دەستیپێکرد و شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، لە ناوچەی بیابانی فراوانی نێوان پارێزگاکانی سەلاحەدین، ئەنبار و نەینەوا بەدوایاندا گەڕاون و لە ئەنجامدا "تەرمی هەردووکیان دۆزرانەوە کە بۆمبێکی پاشماوەی چەکدارانی داعش بە ئۆتۆمبێڵکەیان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سووتاون".
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، "لەکاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی لە هەردوو حکومەت و گەلی سعودیە و کوێت دەکەین، سەرەخۆشی له هەردوو خێزانی قوربانییەکەش دەکەین، لایەنی عێراقی بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ باڵیۆزخانەی هەردوو وڵات، تەرمەکان رادەستی کەسوکارەکانیان دەکاتەوە."
شێخ سالم عەبدوڵڵا جابر سوباح، وەزیری دەرەوەی کوێت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەسەڵاتدارانی عێراق تەرمی هاووڵاتییەکی کوێتی و هاووڵاتییەکی سعودیی نیشتەجێی کوێت-یان دۆزییەوە کە بەم دواییانە لە پارێزگای ئەنبار بێسەروشوێن ببوون."
وەزیری دەرەوەی کوێت جەختی لەوە کردەوە، بۆ دۆزینەوەیان دەسەڵاتدارانی عێراقی هەوڵی گەورەیان داوە، وەزارەتی دەرەوەی کوێت-یش بەدرێژایی کاژێرەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەدواداچوونی کردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بدۆزرێنەوە، ئێستاش هاوئاهەنگی کراوە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ