پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ سەرۆکی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت

27-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە. یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانە کە لە 14ى تشرینى دووەمى رابردووەوە ئەو پۆستە بەتاڵە.
 
بڕیارە کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27-01-2024 پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە. بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەى حەوت بڕگەیە، لەوانە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، دەنگدان لەسەر هەردوو پڕۆژەیاساى قەرەبووکردنەوەى نەخۆشانى ئایدز، بەکرێگرتنى زەوى کشتوکاڵى و خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا.
 
لەوبارەوە چیایی تەیمور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 27-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵنابژێردرێت، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار. یەکەم لە دادگەی باڵای فیدراڵی دوو سکاڵا تۆمارکراون. یەکەم سکاڵا لەبارەی نایاساییبوونی دانیشتنی رابردووی پەرلەمانە. دووەمیان لەسەر شەعلان کرەیم، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە کە گوایە ستایشی حیزبی بەعس و سەدام حوسێنی کردووە و نابێت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان. بڕیارە رۆژی دووشەممە دادگەی فیدراڵی بڕیاریان لەسەربدات".
 
چیایی تەیمور گوتیشی، هۆکارەکەی دیکە ئەوەیە " تائێستا سوننەکان پەرتەوازەن و نەیانتوانیوە لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون".
 
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق 13-01-2024 بوو کە یەکەم دانیشتنی بوو لە ساڵی نوێدا و تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 314 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کرا.
 
هەریەک لە شەعلان کرەیم لە تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی لە سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی و عامر عەبدولجەبار کە وەک سەربەخۆ و شیعەیە خۆیان بەربژێرکرد، عەبدولرەحیم شەممەریش لە سوننە هەر لەسەرەتاوە لە خۆبەربژێرکردن پاشەکشەی کرد. براوە پێویستی بە 165 دەنگ بوو. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا هیچ بەربژێرێک دەنگی پێویستی نەهێنا و ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو: 
 
ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 13-1-2024:
 
شەعلان کرەیم؛ 152 دەنگ
سالم عیساوی؛ 97 دەنگ
مەحموود مەشهەدانی؛ 48 دەنگ
عامر عەبدولجەبار؛ 6 دەنگ
تەڵاڵ زەوبەعی؛ 1 دەنگ 
پووچەڵ؛ 10 دەنگ 
 
موحسین مەندەلاوی بۆ ماوەیەک دانیشتنی پەرلەمانی راگرت، بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دەنگدان بکرێت، بەڵام لەم نێوەندەدا بەشێک لە پەرلەمانتاری شیعە دژی شەعلان کرەیم دەنگیان هەڵبڕی و گوتیان بەعسی بووە و ستایشی سەدامی کردووە و هەربۆیە نابێت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
 
موحسین مەندەلاوی بڕگەیەکی نوێی بۆ کارنامەی پەرلەمان زیادکرد، ئەویش هەموارکردنی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان بوو بۆ گەڕاندنەوەی دەستەواژەی "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان" لەبری "سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی" بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بۆ هەموو دەستەکە بە گشتی بێت نەوەک تەنیا بۆ سەرۆکی پەرلەمان، کە ئەمە سوننەکانی نیگەران و تووڕە کرد. لە ئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و هەربۆیە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو و دانیشتنی پەرلەمان بێ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە