رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەڵگیرا، لە کاتێکدا پێشتر بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە کارنامەی ئەمڕۆ لادرا.
بەپێی ئەو کارنامەیەی لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، دانیشتنەکەی دووشەممە، لە رۆژی 29-01-2024، کە دانیشتنی ژمارە سێی وەزری نوێی یاسادانانە، پێنج بڕگە لە خۆی دەگرێت.
لە بڕگەی یەکەم دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هاوکاری یاسایی، کە لە 20 مادە پێکدێت. بڕگەی دووەم خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سزادانی ژمارە 111.
لە بڕگەی سێیەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لەسەر پرۆتۆکۆڵی مادەکانی 50 و 56 لە رێککەوتنی فڕۆکەوانی شارستانیی نێودەوڵەتی.
هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای خوێندنی زانکۆی حکومیی تایبەت. لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و رووسیا.
هەرچەندە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەبوو، بەڵام بڕگەکە بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو دواخرا.
رۆژی 27-01-2024، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دواخرا تاوەکو سکاڵاکان لە دادگای باڵای فیدراڵی یەکلا دەبنەوە.
رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى چوار سکاڵا دەکات، کە تایبەتن بە پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان و بەربژێرەکانی ئەو پۆستە.
لە دوو سکاڵایاندا پەرلەمانتاران یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس کە هەرسێکیان شیعەن، داوا دەکەن بەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ ئەو پۆستە هەڵبوەشێندرێتەوە و مافى ئەندامێتیشى وەک پەرلەمان لێ وەربگیرێتەوە.
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت لە پاش ئەوەى گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
بەشێک لە پەرلەمانتارانى شیعە شەعلان کرەیم تۆمەتبار دەکەن بەوەى پەیوەندى بە حیزبى بەعس هەبووە و ئەوەش لە دژى یاساى لێپرسینەوە و دادوەرییە، کە تایبەتە بە رێگرى لە بەرپرسانى باڵاى پێشووى حیزبى بەعس بۆ ئەوەى پۆستە باڵاکان لە عێراق بگرنەدەست.
یەکێک لە سکاڵاکانى دیکە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە، کە داوا دەکات دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرجى ئەو پێنج پەرلەمانتارەى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆکى نوێى پەرلەمان بەربژێر کردبوو.
جگە لە شەعلان کرەیم، سالم عیساوى، لە کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى پەرلەمان سێ بەربژێرى دیکە هەبوون کە لە گەڕى یەکەمى دەنگدان نەیانتوانى دەنگى پێویست بەدەست بهێنن بۆ ئەوەى بچنە گەڕى دووەمى رکابەرییەوە، کە پێکهاتبوون لە مەحموود مەشهەدانى، عامر عەبدولجەبار و تەڵال زەوبەعی.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، سوننەکان و بەتایبەت فراکسیۆنى تەقەدووم ئەو پۆستە بە پشکى خۆیان دەزانن.
سکاڵاى چوارەم کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێ دەکرێت لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم لە دژى موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، کە ئێستا لەبرى سەرۆکى پەرلەمان بە کاتى کاروبارى پەرلەمان بەڕێوە دەبات.
لە سکاڵاکەدا ئەو دوو پەرلەمانتارە سوننەیە داوا دەکەن کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى پەرلەمان بە "نادەستوورى" بناسێنێت، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرجەم ئەو رێوشوێن و بڕیار و ئەنجامانەى لە کۆبوونەوەکە کەوتووەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ