پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پرۆژەیاسایەک لەبارەی رێککەوتنێک لەگەڵ سووریا کرد

27-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کرد، لەوانەش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سووریا. 
 
رۆژی شەممە، 27-01-2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەو بڕگەیە دواخرا تاوەکو ئەو سکاڵایانەی لەسەر پرسی هەڵبژادنی سەرۆکی پەرلەمان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراون یەکلایی دەبنەوە.
 
رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى چوار سکاڵا دەکات، کە تایبەتن بە پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمان و بەربژێرەکانی ئەو پۆستە. 
 
لە دوو سکاڵایاندا پەرلەمانتاران یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس کە هەرسێکیان شیعەن، داوا دەکەن بەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ ئەو پۆستە هەڵبوەشێندرێتەوە و مافى ئەندامێتیشى وەک پەرلەمان لێ وەربگیرێتەوە.
 
یەکێک لە سکاڵاکانى دیکە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق تۆمارکراوە، کە داوا دەکات دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرجى ئەو پێنج پەرلەمانتارەى خۆیان بۆ پۆستى سەرۆکى نوێى پەرلەمان بەربژێر کردبوو.
 
سکاڵاى چوارەم کە لە دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێ دەکرێت لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم لە دژى موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، کە ئێستا لەبرى سەرۆکى پەرلەمان بە کاتى کاروبارى پەرلەمان بەڕێوە دەبات.
 
لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای قەرەبوونکردنەوەی تووشبووانی ئایدز درا، بەڵام دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە کرێدانی زەویی کشتوکاڵی دواخرا.
 
هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و کۆماری عەرەبی سووریادا کرا.
 
ئەنجوومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هەڵگرتنی ڤیزە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی لە نێوان عێراق و کۆریای باشووردا کرد
 
یەکێکی دیکە لەو پرۆژەیاسایانەی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرد، پەسندکردنی پرۆتۆکۆڵی عەرەبی بوو، بۆ قەدەخەکردن و نەهێشتنی بازرگانی بە مرۆڤ، بە تایبەتی ژن و منداڵ. 
 
هەر لەو دانیشتنەدا بڕیاردرا رۆژی سێشەممە سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی بە مەبەستی پرساندن بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.
 
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ رۆژی دووشمەممەی داهاتوو هەڵگیرا، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان پێنج بڕگە لەخۆدەگرێت:
 
لە بڕگەی یەکەم دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هاوکاری یاسایی، کە لە 20 مادە پێکدێت. بڕگەی دووەم خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سزادانی ژمارە 111.
 
لە بڕگەی سێیەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لەسەر پرۆتۆکۆڵی مادەکانی 50 و 56 لە رێککەوتنی فڕۆکەوانی شارستانیی نێودەوڵەتی.
 
هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای خوێندنی زانکۆی حکومیی تایبەت. لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە