ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى: فەرمانەکانى دەستگیرکردنى دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع ساختەن

27-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەڵێ فەرمانی دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع "ساختەن"، کە گوایە لەلایەن دادگەکانییەوە دەرکراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاوکراونەتەوە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رۆژی چوارشەممە (26ـی شوباتى 2025) ئاماژەى بەوە دا "ناوەندى راگەیاندنى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری چەند فەرمانێکى دەستگیرکردنى بەدیکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا بڵاوکراونەتەوە، گوایە لەلایەن دادگەکانى لێکۆڵینەوەوە دەرکراون، لە دواى پەیوەندیکردن بەو دادگەیانەوە دەرکەوتووە؛ ساختە و ناڕاستن." 
 
لەگەڵ روونکردنەکەدا سێ فەرمانى دەستگیرکردن، "کە گوایە ساختەن" لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە بڵاوکراونەتەوە. فەرمانەکان تایبەتن بە دەستگیرکردنى هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر و جۆ ویڵسن، ئەندامى کۆماریی ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق هۆشدارىی داوە لەوەى؛ هەرکەسێک لە پشت ئەو "هەڵسوکەوتە نایاساییانە بێت"، رێوشوێنى یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر.
 
نووسراوەکانى دەستگیرکردنى ئەحمەد شەرع و جۆ ویڵسن کە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری دەڵێت ساختەن، رۆژى 25ـی شوباتى 2025ـیان لەسەرە، نووسراوەکەى ترەمپ گوایە لە ساڵى 2021 دەرکراوە.
 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە