د. عادل باخەوان: حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی واتە شەڕی ناوخۆ

27-03-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێیوایە ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات "زۆر مەترسیدارە"و لەو بڕوایەدایە ئەگەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێندرێت لە رێگەی هاوکێشەی چەکەوە دۆخی عێراق تێکدەدرێت و شەڕێکی نێوخۆ دروست دەبێت، شەڕێک بەو مانایەی ئەو عێراقە هەیە کۆتایی پێدێت و نامێنێت و دەبێتە شتێکی دیکە.
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە کاتی بەشداریکردنی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشكەشی دەکات، سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دۆخی چاوەڕوانکراوی عێراق دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم پەرلەمانی عێراق نەیتوانی سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، هەروەها دواخستنی سەردانەکەی حەلبووسی بۆ تاران، رایگەیاند: "دواخستنی سەردانەکەی حەلبووسی بۆ تاران هیچ پەیوەندییەکی بە تەندروستیی هاوتا ئێرانییەکەیەوە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە چوارچێوەی هێز و ئیدارەکردنی پەیوەندییەکانی هێزە لە عێراقدا هەیە".
 
بە گوتەی عادل باخەوان دوێنی حەلبووسی لای کەسایەتییەکی گەورەی دەسەڵات بووە لە عێراق: "من لەگەڵ ئەو کەسایەتییە قسەم کرد باسی ئەوەی کرد ئەوەی حەلبووسی بەلایەوە گرنگە ئەوەیە چۆن چوار ساڵی لایەنی کەمی ئارامی لە عێراقدا بەسەر بەرێت لە سەرۆکایەتی پەرلەمان. ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمان روویدا وای لە ئێران کرد جارێ ئەم سەردانەی حەلبووسی بۆ تاران دوابخەن".
 
بەبڕوای عادل باخەوان ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات "زۆر مەترسیدارە"و دەشڵێت: "ئەوەی کە ئەم چرکەساتە روودەدات زۆر لە چرکەساتی 2003، 2005، 2014 و تەنانەت دەتوانم بڵێم لە چرکەساتی داعش کە موسڵ داگیر دەکات زۆر مەترسیدارتر و هەستیارترە بۆ داهاتووی عێراق".
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پێیوایە بوونی عێراق وەکو دەوڵەت لەبەردەم "مەترسییەکی زۆر گەورەدایە، راستە وڵاتانی سیستەمی ئەنتەرناسیۆنال و تەنانەت ناوچەکەش دەیانەوێت عێراق بە سەقامگیری و یەکگرتوویی و ئاسایش بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش راستە مەنجەڵە بوخارەکە لەناوەوە دەتەقێت، تۆ لە دەرەوە هەرچی بکەی ناتوانیت رێگەی لێ بگری. عێراق ئێستا ئەو مەنجەڵە بوخارەیە کە لەناوەوە دەتەقێت، کە تەقی ئەوکاتە وڵاتانی سیستەمی ئەنتەرناسیۆنال هەروەها تورکیا و ئێرانیش ناچار دەکات بەرنامە و روانین و مامەڵەیان بگۆڕن".
 
سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانیش بۆ  کۆبووەنەوەکەی پەرلەمان کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بکرێت و سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت،  عادل باخەوان پێیوایە لە سێ سیناریۆ زیاتر تێناپەڕێت و پێشیوایە سیناریۆیەکان "یەک لە یەکیان خراپترن".
 
بە گوتەی عادل باخەوان سیناریۆی یەکەمیان بریتییە لەوەی "ئەو سێ لایەنەی کە بلۆکێکیان بەناوی رزگارکردنی نیشتمان دروستکردووە، 220 ئەندامی پەرلەمان کۆدەکەنەوە و سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکرێت و قۆناخی دواتر حکومەت دروست دەکرێت، بەڵام ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکەی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە 80 گرووپ میلیشیاوە، بە 160 هەزار میلیشیا و بەو هەموو چەکە قورسەی لەبەردەستیانە ئەمە قبووڵ بکەن؟ بێگومان نەخێر، هەم سەدرییەکان، هەم پارتییەکان و سیادە لەمن و تۆ باشتر وشیارن و ئەمە دەزانن. رەنگە ئەو ملیشیایانە لە رێگەی هاوکێشەی چەکەوە دۆخی عێراق تێکبدەن، تەنانەت دەبێتە شەڕی نێوخۆ، شەڕێک بەو مانایەی کە ئەو عێراقەی من و تۆ ناسیومانە لە 1921وە تاوەکو ئێستا ئەو عێراقە کۆتایی پێدێت و نامێنێت و دەبێت بە شتێکی دیکە".
 
سیناریۆی دووەم، بە تێڕوانینی عادل باخەوان کە لە هەموویان بەهێزترە، ئەوەیە "پارتی و سەدرییەکان و هاوپەیمانی سیادە ناتوانن 220 پەرلەمانتارەکە کۆبکەنەوە، دوایی سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ کۆڵانە داخراوەکە و ململانێیکان لەناو کۆڵانە داخراوەکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە کە دەوڵەتت نییە، دەزگات نییە و بارودۆخی ناوچەکەش دیارە بەچ شێوەیەکە".
 
بە گوتەی عادل باخەوان سیناریۆی سێیەم، کە گریمانەیەکی زۆر لاوازە، ئەویش بریتییە لەوەی "هەردوو بەرەکە رێکبکەون هەم لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و هەم لەسەر پۆستەکانی ناو حکومەت بۆ ئەوەی بڕۆنە ناو پەرلەمان و عێراق لەنێو قەیرانەکان بێننە دەرەوە".
 
بە بڕوای عادل باخەوان: "ئەو هەلومەرجە بابەتییەی کە ئێستا لە عێراقدا دروستبووە، کە کۆمەڵێک رەگ و ریشە و فاکتەری زۆری هەیە، ئەو هەلومەرجە بابەتیە رێگە نادات لەم سێ تاوەکو چوار رۆژە رێککەوتن بێتە ئاراوە. تاوەکو دەستکاری ئەو هەلومەرجە بابەتییە نەکرێت، زۆر ئەستەمە رۆژی چوارشەممە 220 پەرلەمانتار کۆببێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارێزگای دیوانیە یەکێکە لەو چوار پارێزگایە

لە چوار پارێزگای عێراق کرایە پشوو

بەهۆی ئەگەری بارانبارین، چوار پارێزگای عێراق بۆ سبەی پشوویان راگەیاند، کە هەندێکیان تەنیا قوتابخانەکان دەگرێتەوە، بەگوێرەی کەشناسیی عێراق تەم دروست دەبێت و شەپۆلەکەش تاوەکو شەوی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.