رووداو دیجیتاڵ
مالیزیا نەقیبێکی عێراقی رادەست کردەوە، کە تۆمەتبار بوو بە بردنی کەلوپەرلی کارەبای کۆگەیەک و ئەرکی پاراستنی پێسپێدرابوو، پێشووتر ئەو ئەفسەرە بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرابوو.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئادارى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق هەواڵى گەڕاندنەوەى ئەو نەقیبەى پۆلیسی بڵاوکردەوە، کە ناوى "فیراس جەبار عەباس"ـە.
ئەو ئەفسەرە لە پۆلیسی پاراستنی وزەى کارەبا کاری کردووە، تۆمەتبار کراوە بەوەى لەگەڵ چەند کەسێکى دیکە کەلوپەلى کارەباییان لە کۆگاکانى عامریە لە بەغداى پایتەخت بردووە.
فیراس جەبار عەباس بە نائامادەبوون بە 10 ساڵ بەندکردن سزا درابوو، ناوى لە "لیستى سوور"ـى داواکراوانى پۆلیسی ئینتەرپووڵ بووە، لە مالیزیا دەستگیرکراوە و رادەستى حکومەتى عێراق کراوەتەوە.
پرۆسەى رادەستکردنەوەى ئەو تۆمەتبارە لەسەر داواى فەرمانگەى گەڕاندنەوە بووە لە دەستەى دەستپاکى. دەستگیرکردنى داواکار ئاراستەى سەرۆکایەتیى داواکارى گشتى کردووە و لەو رێگەیەوە فەرمانى دەستگیرکردنى رادەستى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی عەرەبى و نێودەوڵەتیى (ئینتەرپووڵ) کراوە، کە ئەویش فەرمانى رەنگ سوورى گەڕان و دەستگیرکردنى بۆ دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ