پەرلەمانی عێراق دەنگ بە هەمواری 'یاسای لەشفرۆشی' دەدات

27-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر سێ پڕۆژەیاسا دەدات، کە یەکێکیان تایبەتە بە لەشفرۆشی. لە هەموارەکەدا ژن گۆڕینەوە و هاوڕەگەزخوازی سزای تووندیان بۆ دانراوە.
 
کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکە چوار بڕگەیە.
 
سێ بڕگەی دانیشتنەکە تایبەتن بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکانی پێشنیازی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، هەمواری یەکەمی یاسای رێکخستنی بەکرێدانی زەویی کشتوکاڵی و بەناوکردن و مافی مامەڵەکردن لەلایەن دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، هەڵگرتنی ڤیزەی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لەنێوان عێراق و کۆریای باشوور.
 
دوایین بڕگەی دانیشتنەکە خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژە یاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ ئەو خاوەن موڵکانەی کە بەهۆی ژمارەیەک بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسەوە موڵکەکانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، ژمارە 8ی ساڵی 1988، هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دادەنرێت و هەرکەسێک پەیوەندییەک دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى "لادانى سێکسى" سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدان دەبێت.
 
سزاى بانگەشەکردنیش بۆ هاوڕەگەزخوازى بەندکردنە، کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوەش جگە لە سزاى پێبژاردن کە بڕەکەى لەنێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لەو بارەوە بە رووداوى گوت، "ئەو هەموارە زۆرترین مشتومڕى لەسەر کراوە، تێبینییش هەبووە لەسەر ئەوەى سزاکانى قورسن."
 
دارا سێکانیانى گوتى، "پێشنیاز هەبوو کە لە برى ئەو هەموارە، یاسایەکى دیکە دەربکرێت کە تایبەت بێت بە تاوانى هاوڕەگەزخوازى و رێگرى لە لەشفرۆشى."
 
لە هەموارەکەدا هاتووە، "هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بە مەبەستى سێکس، سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدان دەبێت. هەر کەسێکیش رەگەزى خۆى بگۆڕێت، سزاکەى لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن دەبێت و ئەو پزیشکەش نەشتەرگەرییەکەی بۆ کردووە هەمان سزا دەدەرێت."
 
23ى ئابی رابردوو رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ داواى لە حکومەتی عێراق کرد "دەستبەجێ" ئەو پڕۆژەیاسایە بکشێنێتەوە و گوتی: "ئەگەر پەسند بکرێت، مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە بەغدا چوار قوتابی دەردەکرێن کە پانکەی هۆڵی خوێندنەکەیان شکاندبوو

بە بڕیارى وەزیرى پەروەردەى عێراق، چوار قوتابیى خوێندنى ئێوارانى قوتابخانەیەکى بەغدا دەرکران، کە کورسی بە پانکەى پۆلەکەیاندا دەکێشن و دەیشکێنن. دیمەنى ئەو رووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە