رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژی ئوم فەهد رەتدەکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراێکدا گوتی، ئەو هەواڵانە راست نین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبنەوە و باس لە دەستگیرکردنی گومانلێکراوی رووداوی کوشتنی ژنێکی ناسراوی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەی زەییونەی شاری بەغدا دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بەردەوامە و لە قۆناخی سەرەتادایە.
درەنگانی شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی کەسێک بڵاوکرایەوە، گوایە بکوژی ئوم فەهدە.
شەوی رابردوو ئەستێرەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ئوم فەهد) لەبەردەم ماڵەکەی لە بەغدا بە چەکی بێدەنگ کوژرا.
بە ڤیدیۆ.. ساتی کوشتنی ئووم فەهد، ڤلۆگەری بەنێوبانگی عێراقی لە بەغدا pic.twitter.com/NcBDsABmsU
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 26, 2024
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، رووداوەکە لە ناوچەی زەیونە لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویداوە.
کوژرانی ئوم فەهد زیاتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە ناکۆکیی ئەو خانمە لەگەڵ دالیا نەعیم، ئەستێرەیەکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوو، کە ئەوەش مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی لەکارلادانی ژمارەیەک ئەفسەری سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری.
ئوم فەهد ئەو کات گوتی، دالیا نەعیم بە ئەفسەرێکی پلە بەرز هەڕەشەی لێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ڤیدیۆیەکی دالیا نەعیم و ئەفسەرێکی پلە باڵا کە لە پۆستێکی گرنگی وەزارەتی ناوخۆدایە، بڵاودەکاتەوە.
ناکۆکی و شەڕە قسەی نێوان هەردوو ژنەکە پەرەیسەند و بووە بابەتی راگەیاندن.
دواتر لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، 20ی ئاداری ئەم ساڵ رایگەیاند، تۆڕێکی "هەراسانکار"یان لەنێو دامەزراوەیەکی ئەمنیدا دەستگیر کردووە.
یەحیا رەسوول روونیکردەوە کە ئەندامانی تۆڕەکە پەیجی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرکردەکانیان هەراسان بکەن.
ئەندامانی تۆڕەکە، بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.
دوورخراوەکان 14 ئەفسەری پلە جیاجیای وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ