راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق: بودجەی پێویست بۆ دۆسیەی ئاو تەرخان ناکرێت

27-04-2024
پەیمان محەممەد
بەنداوی دووکان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەنداوی دووکان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، رۆژانە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''ئەو بودجەیەی بۆ دۆسیەی ئاو تەرخان دەکرێت، ناگاتە 2٪ـی بودجەی گشتیی عێراق".
 
ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاروباری ئاو، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''ئێستا لە عێراق کێشەی جدیی ئاو هەیە".
 
محەممەد ئەمین فارس گوتی، کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو، گرنگترین هۆکارەکانی کەمئاوین لە عێراق.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆمار رایگەیاند: ''ئێستا لە ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کێشەی کەمئاوی هەیە و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە". 
 
یەکێک لە دیارترین پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، بڕى ئاوى بەردراوەی دیجلە و فوراتە بۆ نێو عێراق. ئێستا ئاوی کەمیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دەڕژێتە نێو هەرێمی  کوردستان و عێراقەوە. 
 
محەممەد ئەمین فارس ئاماژەی بەوە کرد، ''عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانە، دەبێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر پشکی ئاو بگاتە رێککەوتن کە ئەوەش بە رێگەی دانوستاندن و دیپلۆماسی دەکرێت".
 
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
ئەردۆغان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئاگامان لەو كێشانە هەیە کە عێراق بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، بە تایبەت کێشەی ئاو... هاوئاهەنگیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکان [لەگەڵ عێراق] تەرخان دەکەین".
 
محەممەد ئەمین فارس گوتی: ''لە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆککۆماردا [ئەردۆغان] هەنگاوی گشتی باسکران، بەڵام رەنگە دواتر وردەکارییەکانی تایبەت بە بەردانەوەی ئاو لەلایەن لیژنەی وەزاری و تەکنیکی باس بکرێن".
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆمار پێیوایە، لە عێراق بڕێکی زۆر ئاو بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ بەفیڕۆ دەدرێت و دەڵێت: ''پێویستە سیستمی ئاودێریی بەروبوومی کشتوکاڵی بە تەکنۆلۆژیای نوێ رێکبخرێت".
 
محەممەد ئەمین فارس ئەوەشی خستەڕوو، لە عێراق کەموکوڕییەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو هەیە و گوتی: ''لەوانەیە هەندێک جار بە بڕی پێویست ئاو هەبێت، بەڵام بەهۆی بەفیڕۆدانی، کێشەی کەمئاوی دروست دەبێت.''
 
بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق، کارکردن لەسەر دۆسیەی ئاو کاری لەپێشینەی حکومەتە، ''بەڵام بەداخەوە وەک پێویست و بە کردەوە گرنگی پێ نادرێت، بەجۆرێک کە ئەو بودجەیەی بۆ ئاو تەرخان دەکرێت، ناگاتە 2٪ـی بودجەی گشتیش".
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە