رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە فەرمی بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند و ستایشی هەریەک لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی دەکات کە خۆیان لە بەربژێربوون کشاندەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، "کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا کرد، وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی بارەگای دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە لە ئیرادەی گەلی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، "سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ستایشی کارەکانی حکومەتیان کرد بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا، کە کارکردنێکی نیشتمانی و بەرپرسانە بوو لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابووری، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا".
راگەیێندراوەکە دەڵێت، هەروەها "دەستخۆشییان لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت کرد، بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتییانی عێراق بە سیستمی سیاسی و هەڵبژاردن، کە لە رێگەی بەشداریی فراوان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەم دواییەدا بە ڕوونی دەرکەوت".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە بەوە دەدات، "نرخاندنی بەرز کرا بۆ هەڵوێستە مێژوویی و بەرپرسیارانەکانی هەریەکە لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەهۆی کشانەوەیان لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پێیوایە "ئەم هەنگاوە دووپاتکردنەوەی پەرۆشیی ئەوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و ئاسانکارییە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی، هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەت لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوەکو بەربژێرێک هەڵبژێرێت کە مەرجە داواکراوەکانی تێدابێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران و لەگەڵ پێداویستی و ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناخەدا بگونجێت".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دوای تاوتوێکردنی ناوی بەربژێرەکان، عەلی زەیدی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری فراکسیۆنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەکو گەورەترین فراکسیۆنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی سەرۆککۆماری عێراق کراوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی"، عەلی فالح کازم زەیدی وەک بەربژێری فەرمی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستنیشان کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە واژۆی عەباس رازی عامری، سکرتێری گشتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەرە، داوا لە سەرۆککۆمار کراوە کە رێکارە دەستوورییەکان بگرێتەبەر بۆ راسپاردنی زەیدی لە ماوەی دیاریکراودا، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 76ی دەستووری عێراق.
عەلی زەیدی کێیە؟
- عەلی فالح کازم زەیدی.
- رەگەزنامە: عێراقی.
- ساڵی لەدایکبوون: 1986
- بڕوانامە: بەکالۆریۆس لە یاسا - بەکالۆریۆس لە دارایی و بانک - ماستەر لە دارایی و بانک.
- سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی باشوور (مصرف الجنوب).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگ (ئێستا).
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی زانکۆی شەعب.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پەیمانگای پزیشکیی عەشتار.
- ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ