ئەمریکا بۆ عێراق: گرووپە چەکدارەکان هەڵنەوەشێننەوە، رووبەڕووی سزای تووندتر دەبنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
واشنتن داوا دەکات حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای تووندتر دەبێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، واشنتن گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا تووندتر کردووە و رەوانەکردنی دۆلاری بۆ عێراق راگرتووە. 
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی ئەمریکی راگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق کۆتایی بەو "رووپۆشە سیاسی، دارایی و سەربازییە" بهێنێت کە بۆ "میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ئێران" دابینی کردووە.
 
گوتەبێژێکە گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە روونی رایگەیاندووە هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە تێکدەرەکانی ئێران لە عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە بەرامبەر میلیشیا تێرۆریستییەکان."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "نیگەرانیی خۆمان دەربارەی شکستی حکومەتی عێراق لە رێگریکردن لەم گرووپانە رادەگەیێنین و ئەم پشتیوانییانەی ناو حکومەت کاریگەریی نەرێنیی تووند لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دروست دەکات"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕوانین حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو رێکارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگرێتەبەر". 
 
راگرتنی 500 ملیۆن دۆلار و سڕکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئەمریکا هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ سوپای عێراق راگرتووە، کە مەشق و راهێنان و کارەکانی دژەتێرۆر دەگرێتەوە. هەروەها رێگری لە ناردنی فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کردووە کە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری کاشی هەڵگرتبوو؛ ئەم پارەیە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق بووە لە هەژمارەکانی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک.
 
ئەمە دووەمجارە لەوەتەی دەسپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوبات، واشنتن رێگری لە ناردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەکات، ئەمەش وەک کارتی گوشار بۆ سەر بڕیاری سیاسیی بەغدا.
 
وەڵامی بەغدا: دۆخەکە ئاڵۆزە و رێکاری دەرەکی زیانی هەیە
 
بەرپرسێکی حکومەتی عێراق لە وەڵامی ئەم رێکارانەدا بە فۆکسنیوزی رایگەیاندووە، "پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا هاوبەشییەکی گرنگە و پێکەوە دژی داعش جەنگاون". سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە "واقیعی عێراق زۆر ئاڵۆزە" و ئەم گرووپانە هەژموونی سیاسی و جەماوەرییان هەیە، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم پرسە پێویستی بە هەنگاوی هێواش هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.
 
ئەو بەرپرسە هۆشداریشی دا کە هەر رێکارێکی دەرەکی کە رەچاوی تایبەتمەندییەکانی عێراق نەکات، دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و زیان بە هەوڵەکانی سەقامگیری دەگەیەنێت.
 
هێڵە سوورەکان و خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری
 
بەرپرسێکی باڵای کورد بە فۆکس نیوزی راگەیاندووە، راگرتنی دۆلار وەک "بژاردەی ئەتۆمی" وەزارەتی دارایی ئەمریکا وایە و واشنتن ئێستا هێڵی سووری کێشاوە. ئەو بەرپرسە گوتی: "پێویست بوو ئەمریکییەکان زووتر ئەم کارتە بەکاربهێنن، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ رێگە بە ئێران درابوو سەرۆکوەزیران هەڵبژێرێت و یاساکان بسەپێنێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر حەیدەر مەزهەر مەلەک سەعیدی، سکرتێری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا راگەیاندووە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، "ئەم گرووپە تیرۆریستییە تێوەگلاوە لە هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیانی مەدەنی و سەروەریی عێراق."
 
ئەمە سێیەم خەڵاتی لەو شێوەیەیە کە واشنتن لەم مانگەدا رایدەگەیێنێت.
 
رۆژی 23ی نیسانی 2026، واشنتن خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەبو ئالا وەلائی، سەرکردەی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا راگەیاند. هەروەها رۆژی 14ی نیسانی 2026، خەڵاتێکی هاوشێوەی بۆ ئەحمەد حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق تەرخان کردبوو.

عێراق لە نێوان داڕمان و گوشارەکاندا
 
رەمزی ماردینی، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیۆپۆڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت بە زەبری هێز گرووپە چەکدارەکان دەربکات، مەترسیی داڕمانی دەوڵەت دروست دەبێت، چونکە میلیشیاکان تێکەڵی دامەزراوە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکان بوون". 
 
ماردینی پێیوایە "ئیدارەی تره‌مپ تێنەگەیشتووە کە سنورەکانی دەوڵەت و گروپە چەکدارەکان لە عێراق تێکەڵ بوون و ناتوانرێت وەک یەکەیەکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەت بکرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە