لەسەر نرخی سووتەمەنی لە کوردستان، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لەسەر سوودانی تۆماردەکرێت

27-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بە پشتیوانیی دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایەکیان لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت تۆمارکردووە بەهۆی بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنیی هەرزان.
 
رۆژی دووشەممە، 26-6-2023، غالب محەممەد عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەندە لەگەڵ دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان لەسەر سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی و وەزیری نەوت، حەییان عبدولغەنی تۆماركرد، لەسەر پێنەدان و نەناردنی رێژەی12.67٪ لە سووتەمەنی بە پاڵپشتی حكومەت، وەكو بەنزین كە لیتری بە 450 دینارە و گاز بە 400 دینار و نەوت بە 150 دینار و گاز و نەوتی رەش بۆ كارگەكان دابین بكەن."
 
دەشڵێت: "چونكە بەپێی دەستووری عێراق، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش مافی دەستووریی خۆیانە وەکو هەر هاووڵاتییەکی عێراق سووتەمەنییان بە نرخی پاڵپشتی پێبدرێت بەهەمان نرخی ناوچەکانی دیکەی عێراق دوای رادەستکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ."
 
كاروان شەهاب، پارێزەری دۆسییەکە لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکەمان تۆمارکرد و لە دادگەی باڵای فیدراڵی پێیانگوتین کە کات دیاریدەکەین بۆ ئەوەی رۆژی دادبینیمان بۆ دیاریبکەن." گوتیشی: "لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوا دەکات هاوشێوەی پشکی لە یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان پشکی هەبێت لە سووتەمەنی و بە نرخی هەرزان و پشتیوانیکراو دابەشبکرێت."
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە هەناردەدەکرێت یان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی دەبێت، لەکاتێکدا ئێستا بەهای بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەبەراورد لە ناوچەکانی دیکەی عێراق گرانترە.
 
 

 

 
‏‎
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.