رووداو دیجیتاڵ
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە پشکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا وەک پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار، ئەم شەو، یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنی عەتوان عەتوانی وەک پارێزگار، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 3ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە دەنگدان؛ عەبدولموتەلیب عەلەویی لە پۆستی پارێزگار لادا و حەیدەر موحانی لە شوێنی ئەو دانا، بەڵام هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا دژی ئەو گۆڕانکارییە وەستایەوە.
لەدوای هەڵبژاردنی وەک پارێزگار، عەتوان عەتوانی رایگەیاند: "پلانی هەنووکەیی و ستراتیژیمان هەیە بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان لە بەغدا. دەچینە سەر شەقام بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەکان و زانینی پێداویستییەکانی بەغدا."
عەتوان عەتوانیی تەمەن 52 ساڵ، پێشتر لە ساڵی 2017 وەک پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرابوو. دواتر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، بووە بەربژێری هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا و توانی ئەندامێتیی پەرلەمان مسۆگەر بکات. بۆ ماوەیەک سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بوو، بەرلەوەی دووبارە بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ