پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆککۆمار: بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە هەڵبوەشێنەوە

27-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆککۆماری عێراق بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە بە "نادەستووری" وەسف دەکات و داوای لێدەکات بڕیارى پارێزگار بۆ بە قەزاکرنى ئەو ناوچە کوردستانییە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، یاداشتەکەى ئاراستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کردووە، سەبارەت بە بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە کە ناوچەیەکی کوردستانیی جێناکۆکە بەپێی مادەی 140ـی دەستوور و  دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە.
 
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە سەرۆککۆمار دەکات بڕیارێکی پارێزگاری دیالە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە 16ـی تەممووزی 2025 دەرچووە و بەپێی ئەو بڕیارە، قەرەتەپە لە ناحیەوە کراوەتە قەزا و گوندی جەبارەش لە رووی کارگێڕییەوە پێیەوە دەبەسترێتەوە.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، رەزامەندی لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە داوە، دوای ئەوەی گۆڕانکارییەکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر درا.
 
لە یاداشتەکەی کاروان یاروەیس هاتووە: "بڕیارەکەی پارێزگار پشتی بە هیچ رەزامەندییەکی فیدراڵیی دەستووری یان یاسایەکی دەرچوو لە پەرلەمان نەبەستووە، ئەمەش وای لێدەکات پێچەوانەی حوکمەکانی مادەی (110)ی دەستووری عێراق بێت، کە دەسەڵاتی دیاریکردنی سنووری کارگێڕیی یەکە کارگێڕییە باڵاکانی تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەسەڵاتی فیدراڵیدا سنووردار کردووە، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و رێنمایی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە دەربکەن."
 
کاروان یاروەیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەنگاوە پێچەوانەی مادەی 140ـی دەستوورە و نابێت دەستکاریی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە بکرێت کە جێناکۆکن و هێشتا قۆناخەکانی ئاساییکردنەوە و راپرسی بۆ یەکلاکردنەوەیان ماوە."
 
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشدا، جیاکردنەوەی قەرەتەپە لە خانەقین، کاریگەریی نەرێنی لەسەر چارەنووسی کارگێڕیی ئەو قەزایە دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا

داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن