دادگە بڕياری دوورخستنەوەی نەجم جبووریی لە هەڵبژاردن رەتکردەوە

27-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی لەبارەی دوورخستنەوەی نەجم جبووری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا، لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن رۆژی 25ی ئەم مانگە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەبارەت بە دوورخستنەوەی نەجم جبووری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە."
 
هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە نەجم جبووری تانەی لە بڕیارێکی رۆژی 10ی ئەم مانگەی کۆمیسیۆن دابوو، کە بە تۆمەتی "بەعسیبوون" لە لیستی بەربژێران دووری خستبووەوە.
 
بەمەش نەجم جبووری دەتوانێت وەکو بەربژێرێک بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بکات.
 
کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکانی هەڵبژاردن بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، تاوەکو یەکشەممەی رابردوو، 627 بەربژێر بە هۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە، لەوانە:
 
• 290 بەربژێر بەهۆی رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری
• 106 بەربژێر بەهۆی هەبوونی دۆسیەی تاوان
• 15 بەربژێر بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
• 4 بەربژێر بەهۆی ساختەکاری
• 10 بەربژێر لە پێکهاتەی کریستیان
• 163 بەربژێر بەهۆی گۆڕانکاری لەنێو لیستەکاندا
 
تاوەکو ئێستا  نزیکەی 7440 بەربژێر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ماونەتەوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە