باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: سەردانی خاوەنکارانی ژاپۆن بۆ عێراق هەڵپەسێردراوە

27-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە ژمارەیەک سەردانی خاوەنکارانی وڵاتەکەی بۆ عێراق هەڵپەسێردراوە، دەشڵێت، لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوامی عێراق لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق داوای گەرەنتی سەقامگیریی کردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، فوتوشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سەردانی عەبدولڕەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراقی کرد و لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "چاوم بە وەزیری گواستنەوە کەوت و باسی هاوکارییە درێژخایەکانی ژاپۆنمان تایبەت بە کەرتی بەندەرەکان کرد، کە لە ساڵانی 70کانەوە بەردەوامە، هەروەها جەختمان لەسەر دوو بەندەری گرنگ لە بەسرە کردەوە، کە بەندەرەکانی ئوم قەسر و خۆر زوبێرن." 
 
وەکو فوتوشی ماتسوموتو دەڵێت: "بەمدواییانە پێشوازیمان لە ژمارەیەک پسپۆڕی ژاپۆنی کرد بۆ پێشکێشکردنی پشتیوانی تەکنیکی بۆ بەندەری ئوم قەسر، ئەگەری فراوانکردنی توانای بەندەری ئوم قەسر هەیە."
 
سەبارەت بە راگرتنی هاتنی خاوەنکارانی ژاپۆنی بۆ عێراق، باڵیۆزەکە نووسیویەتی: "بە وەزیری گواستنەوەم راگەیاند بەهۆی دۆخی هەرێمییەوە بە کردەیی ژمارەیەک سەردانی خاوەنکارانی ژاپۆنیمان بۆ عێراق هەڵوەشاوەتەوە، داوای گەرەنتی سەقامگیریی عێراقم کرد لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام."
 
ماوەی 21 رۆژ دەبێت بەهۆی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیلەوە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسەقامگیرە، جگە لەوەی شەڕ نزیکەی 8500 کوژراو و نزیکەی 25 هەزار برینداری هەبووە، ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان، عێراق، سووریا و ئێرانیش لەژێر هەڕەشەدان، بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەستیان بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا کردووە و چەند رۆژێکە بە درۆن و مووشەک لە چەند وڵاتێک هێرشدەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.