رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى بەرگریی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتیی لە پۆستەکەی لادرا، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەوەی بە گەندەڵى خەڵکی دامەزراندووە.
ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "واژۆ ساختەکراوە و ناوى دامەزرێندراوان گۆڕدراوە".
سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق لە 22ى تشرینى دووەمى بڕیارى دەستپێلەکارهەڵگرتنى بۆ سجیل حەیدەرى، ئەمیندارى گشتیى وەزارەتەکەى دەرکردووە، ئەویش لەسەر بنەماى بڕیارى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران لەبارەى دۆسیەى ساختەکردنى واژۆ و بەکارهێنانى لە وەزارەتى بەرگری، ئەو بڕیارى دەستپێهەڵگرتنە بۆ ماوەى 60 رۆژە لە رۆژى دەرچوونى بڕیارەکەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
وەزارەتى بەرگریى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا، کە 26ى تشرینى دووەمى 2023 بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو نووسراوە پەیوەندیدارە بە دۆسیەى دامەزراندن لە سەردەمى دەسەڵاتى حکومەتى پێشووى عێراق و ئەو بڕیارەش بۆ دەستپێهەڵگرتن لەبارەى ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى بەرگرى بۆ ئەوەیە خزمەت بە رەوشى لێکۆڵینەوەکان بکات، بەوپێیەى ئەو بەرپرسە باڵاترین دەسەڵاتى بەسەر کارمەندانى مەدەنى وەزارەتەوە هەیە و بە مانەوەى لە پۆستەکەیدا ئەگەر هەیە کاریگەرى هەبێت لەسەر لێکۆڵینەوەکان.
رۆژی 26ى تشرینى دووەمى 2023، عەلاوى نیعمە بەنداوى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو دۆسیەیە پەیوەندارە بە دامەزراندنى کارمەندانى مەدەنى لە وەزارەتى بەرگرى، لەکاتێکدا کە 292 کەس فەرمانى دامەزراندیان دەرکراوە، بەڵام نزیکەى 500 کەس بۆ ئەو دامەزراندانە بە نایاسایی زیادکراون و بەهۆیەوە دامەزراندنى سەرجەمیان راگیراوە".
عەلاوى نیعمە بەنداوى ئاماژەى بەوەشدا، لەو دۆسیەدا واژۆى کەسانێک ساختەکراوە و بەپارە خەڵک زیادکراوە و کەسانێکیش خراونەتە جێگەى کەسانى دیکە، کە بڕیارى دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە، لەدواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکان ئەو کەسانە دادەمەرزێندرێن کە راستەقینە و یاسایین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ