گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: 13 کەشتی دروست دەکەین

28-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق پلانی هەیە 13 کەشتی دروست بکات و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، کەشتییەکان مۆڵەتیان دەبێت بۆئەوەی بچنە هەموو بەندەرەکانی جیهان.
 
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 28-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی پلانی ئەم ساڵماندا بەنیازین 13 کەشتی دروستبکەین و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراو لە نێوان وەزارەتەکانی گواستنەوە و پلاندانان ئاڵوگۆڕ کراوە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، "شەش کەشتی لەوان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان، دوو کەشتیان لەسەر بودجەی بەکاربردن و پێنج کەشتییەکەی دیکە لەسەر قەرزی ژاپۆنی دەبن. کەشتییەکان سەر بە کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی دەبن و بڕوانامەیان دەبێت بۆ ئەوەی بچنە هەموو بەندەرەکانی جیهان."
 
مەیسەم سافی گوتیشی، ئێستا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق شەش کەشتی هەیە کە سێ -یان توانای هەڵگرتنی 14 هەزار تۆنیان هەیە؛ یەکێکیان توانای گواستنەوەی 10 تۆن و دووەکەی دیکە کەمتر لە 10 تۆن پێداویستی دەگوازنەوە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باس لەوە دەکات، پلانەکە بەو جۆرەیە کە "کەشتییە نوێیەکان توانای هەڵگرتنی کەلوپەلی زیاتریان بێت."
 
حکومەتی عێراقیش دەڵێت، پلانی دروستکردنی ئەم کەشتیانەی بۆ ئامادەکارییە بۆ پڕۆژەی پەرەپێدان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە