رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حقووق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقییە، رایگەیاند لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زیان بە مافی گەل و هێزە سیاسییەکان دەگەیێنێت لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و ئەو پرسە نیشتیمانییە و لە رێگەى پەیامى دەرەکییەوە یەکلایی ناکرێتەوە.
ئەو بزووتنەوەیەی فراکسیۆنی لەنێو پەرلەمانی عێراق هەیە، لە راگەیێندراوێکدا دژ بە لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەستایەوە لەبارەی دیاریکردنی نووری مالیکی وەک بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
بزووتنەوەی حقووق رایگەیاند، ئەو لێدوانانە هەموو ئەو پاساوانە لەکار دەخات کە هەندێک هێزی سیاسی لە پشتییەوەن و دروشمی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق بەرز دەکەنەوە و باس لە پەیوەندیی دۆستایەتیی هاوشان دەکەن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بە گوتەی بزووتنەوەکە" لە واقیعدا ئەو بانگەشانە ساختەن".
شەوی 27ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
بزووتنەوەی حقووق جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆکوەزیران، پرسێکی نیشتمانییە و لە رێگەی چوارچێوەیەکی دەستووری و ئیرادەی دەوڵەتەوە یەکلایی دەکرێتەوە، نەک لە رێگەی پەیامی دەرەوە یان گرێبەستی لۆبییەکان و بەرژەوەندیی سنووربڕ.
بزووتنەوەکە شەش کورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەیە و یەکێکە لە گرووپەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
حقووق داوای لە هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سیاسییەکانی دیکە کردووە کە بەرامبەر هەر هەڵوێستێک بووەستنەوە کە بە گوتەی بزووتنەوەکە لە دژی بڕیاری سەربەخۆی عێراقی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ