رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق رەتیدەکاتەوە لەتیف رەشید دەستى بەسەر موڵێکى دەوڵەتدا گرتبێت و بە نایاسایی بە کرێ بە باڵیۆزخانەى کوێتی دابێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، سەرۆککۆمار ئەو موڵکەی لە ساڵى 2011 لە زیادکردنى ئاشکرادا بە زیاتر لە پێنج ملیار دینار کڕیوە و لەسەر داواى وەزارەتى دەرەوە بەکرێ بە باڵیۆزخانەکەی داوە، خانووەکەش موڵکى وەزارەتى دارایی بووە و بەناوى هاوژینى عەبد حەموود تکریتى، پاسەوانى تایبەتى سەدام حوسێن نەبووە.
رۆژی 28ـى شوباتى 2024، سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە لەبارەى دەنگۆى ئەوەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى دەستى بەسەر مۆڵکێکى دەوڵەتدا گرتبێت و بەشێوەیەکى نایاسایی بەکرێ بە باڵیۆزخانەى کوێتی لە بەغدا دابێت.
سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق دەڵێت: "ئەو موڵکە لە زیادکردنێکى ئاشکرادا لە ساڵى 2011 لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆرمار بە پێنج ملیار و 564 ملیۆن دینار کڕدراوە، 25%ى نرخى ئەو موڵکە دراوە و پارەکەى دیکەش بە قیستى ساڵانە دەدرێت."
ئەو خانووە بە ناوى وەزارەتى داراییەوە بووە کاتێک لە زیادکردنێکى ئاشکرادا لە ساڵى 2011 فرۆشراوە، لەتیف رەشید بەشداریى ئەو زیادکردنەى کردووە، بەگوێرەى یاسا و رێنماییەکان کڕیوێتى و ئەو کاتە بەناوى هاوژینى عەبد حەموود تکریتى نەبووە، ئەمە وەکو سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق باسی کردووە.
عەبد حەموود تکریتى، پاسەوان و سکرتێرى تایبەتى سەدام حوسێن، سەرۆکى رژێمى پێشووى حیزبى بەعس بوو، یەکێک بوو لە داواکراوانى سوپاى ئەمریکا و لە ساڵى 2012 لەسێدارەدرا لەدواى ئەوەى لەساڵى 2010 لەلایەن دادگەى باڵاى تاوانەکانى پێشووى عێراقەوە سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا.
لە بەشێکى دیکەى روونکردنەوەکەى سەرۆکایەتیى کۆماردا هاتووە کە وەزارەتى دەرەوەى عێراق داوایکردووە کە ئەو خانووە بەکرێ بگیرێت بۆ باڵیۆزخانەى کوێت بەوپێیەى کە ئەو شوێنەى خانووەکەى تێدایە پارێزراوە و ئەوکاتە دۆخى ئەمنیى ناوچەکانى دیکە خراپ بوون.
بەکرێدانى ئەو خانووە بە باڵیۆزخانەى کوێت وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەر لە چەند ساڵێک بووە لەوەى لەتیف رەشید پۆستى سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت.
سەرۆکایەتیى کۆمار رایگەیاندووە، "تۆمەتبارکردنى سەرۆککۆمار لەلایەن چەند کەسێکەوە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە، ئامانج لێى ناوزڕاندن و دنەدانى سەرۆککۆمارە بە هاندانى چەند لایەنێکى دیاریکراوەوە" بەبێ ئەوەى ناویان بهێنێت.
سەرۆکایەتیى کۆمار لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، رێوشوێنى یاسایى بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنەبەر، کە رۆڵیان هەبووە لە وروژاندنى ئەو بابەتە.
هەروەها ئامادەیی سەرۆکایەتیى کۆمارى دەربڕیوە بۆ ئەوەى کە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکان و وەسڵى پارەدانەکان بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى ئەو خانووە، کە ئەوە دەسەلمێنێت ئەوەى بڵاوکراونەتەوە "ناڕاستن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ