جەماهیری نیشتمانی: ئەحمەد جبووری لەژێر گوشاردا وازی لە پۆستەکەی هێناوە

29-02-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
وردەکاریی وازهێنانی ئەحمەد جبووری لە پۆستەکەی
وردەکاریی وازهێنانی ئەحمەد جبووری لە پۆستەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای 20 رۆژ لە هەڵبژاردنی وەکو پارێزگاری سەلاحەدین، ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری وازی لە پۆستەکەی هێنا و تکریتی بەرەو بەغدا بەجێهێشت.  
 
هێشتا مەرسومی کۆماری بۆ دەستبەرکابوونی ئەحمەد جبووری نەگەیشتبووە تکریت، تۆمەتی بەعسیبوون درایە پاڵی و چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە دژی درایە دادگەی فیدراڵی.
 
حیزبی جەماهیری نیشتمانی کە ئەحمەد جبووری سەرۆکایەتی دەکات، دەڵێت، "لەژێر گوشاری پیلانی سیاسیدا، ئەحمەد جبوور دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی راگەیاندووە."
 
هانی سابر، گوتەبێژی حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆسیەکە سیاسییە، ئەگەر یاسایی بووایە بۆ ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە؟ ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانە و سەرۆکی فراکسیۆنە و لەنێو هاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەتە. لەبەر ئەو تۆمەتانە لە پۆستی پارێزگار کشایەوە و لە ماوەی داهاتوو بەربژێرێکی دیکەمان بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین دەبێت." 
 
گەڕەکی حجاج لە پارێزگای سەلاحەدین، شوێنی نیشتەجێبوون و پێگەی بەهێزی ئەحمەد جبوورییە، دانیشتووانەکەی نیگەرانن و دەڵێن دوورکەوتنەوەی ئەحمەد جبووری کاریگەریی نەرێنی دەبێت. 
 
کازم موحسین، دووکاندارە و دەڵێت، "دوای 20 ساڵ لەنێو حکومەت و یەکێک لە گۆشەکانی دەوڵەت و بنیاتنەری سەلاحەدین، تازە زانیویانە بەعسی بووە، یەکێکی نوێ دەهێنن چەند کاتی دەوێت تاوەکو لە خەڵکی تێبگات و هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ خەڵکی سەلاحەدین."
 
جاسم عەبدوڵڵاش مامۆستایە، دەڵێت: بڕیارەکە لەلایەن خۆیەوە دراوە، جا گوشار هەبێت یاخود نا، ناهێڵن کاروانەکەی تەواوبکات، پێی دەڵێن بکشێیتەوە باشترە، ناوچەکە و ئەبو مازن لەلای ئێمە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و هەر کوڕی حجاجە."
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارێزگارێکی نوێ بۆ سەلاحەدین هەڵبژێردرێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان بێت، پۆستەکە هەر پشکی حیزبەکەی ئەحمەد جبووری دەبێت. 
 
عادل سومەیدەعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، "ئەنجوومەن بەپێی رێککەوتنە سیاسییەکان دەنگ لەسەر بەربژێری نوێ دەدات، جا هەر کەسێک بێت، بەو مەرجەی پێوەرەکانی هەبێت و لەنێو حیزبی جەماهیری نیشتمانی بێت و دوای دەنگدان رێکارە ئیدارییەکان دەگیرێتەبەر بۆ دەستبەکاربوونی بەشێوەیەکی سرووشتی. 
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە مانگی کانوونی یەکەمی پار، حیزبی جەماهیری نیشتمانی پێنج بەربژێری سەرکەوتن کە یەکێکیان کوردە.
 
رۆژی دووی ئەم مانگە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بۆ جاری دووەم ئەحمەد جبووری بە پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژێردرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە