فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە بە درۆن بۆردوومان کرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بەسرە دەڵێت، ئەو درۆنانەی ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی شارەکە کراون "ناوخۆیین" و پەیوەندییان بە ململانێی ئێران و ئەمریکاوە نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی شارەکە.
 
ئەسعەد عەیدانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی پارێزگاکە رایگەیاند: "سوپاس بۆ خوا دۆخی ئەمنی جێگیرە و ئینشاڵڵا هەر بەمشێوەیە بە سەقامگیری دەمێنێتەوە. خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە، ئەو رووداوەی کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی تووشی بوو، تیمەکانی هەواڵگری کار دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکان."
 
عەیدانی جەختی لەوە کردەوە ئەو درۆنانە سەرچاوەکەیان ناوخۆییە و گوتی: "درۆنەکان ناوخۆیین با ئەمە بۆ هەمووان روون بێت؛ ئەمانە درۆنی ئێران و ئەمریکا نین کە دوو لایەنی شەڕکەرن."

 

 
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکە، پارێزگاری بەسرە گوتی: "لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندا تەنانەت زیانێکی گیانیش لە کارمەند و ئەفسەرەکان نەبووە، تەنیا گردۆڵکەیەکی خۆڵ کراوەتە ئامانج کە پێشتر رادارێکی کۆنی لێبووە و ئێستا بەکارناهێندرێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، وردەکاریی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی دوو مووشەکی لە ناوچەی "قیبلە" بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، لە کاژێر 00:15 و 00:45ـی شەو، پاشماوەی دوو مووشەک بە درێژیی 3 مەتر لە ناوچەی قیبلە کەوتوونەتە خوارەوە. رووداوی یەکەم بووەتە هۆی برینداربوونی سێ کەس و زیانگەیشتن بە دوو ئۆتۆمبێل و خانووێک، رووداوی دووەمیش تەنیا زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەم ئاڵۆزییانەی شاری بەسڕە هاوکاتە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر چەندین پارێزگای ئێران و تاران بە مووشەکی بالیستی وەڵامی دانەوە و بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە