رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەی جرف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل کراوەتە ئامانجی چەند هێرشێکی ئاسمانی و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کاژێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ناوچەی جرف نەسر (جرف سەخر) لە باکووری پارێزگای بابل بەر چەندین هێرشی ئاسمانی کەوت."
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێرشەکە، شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کردووە کە دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان و ئەنجامدەری هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە "لە کاتێکی دواتردا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکە بڵاودەکەینەوە."
ناوچەی جرف نەسر (جرف سەخەر) کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل، یەکێکە لەو ناوچانەی کە چەندین جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج، بەوپێیەی وەک ناوچەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دادەنرێت.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کردنە ئامانجی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جرف سەخر لە پارێزگای بابل ئاماژەیەکی مەترسیدارە بەوەی عێراق بە نافەرمی چووەتە نێو جەنگەوە".
پێش ئەو هێرشە، عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق بەشێکە لەو گرژی و جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەگەر هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا هێرش بکرێتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە بەرەی موقاوەمە دەناسێنن و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئێران دەکەن و لە دەرەوەی سیستمی ئەمنی عێراقدان."
جەزائیری ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پێشتریش هۆشداری داوەتە عێراق سەبارەت بەو گرووپانە و گوتی: "پێشتر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان کراونەتە ئامانج، بۆیە ئێستا ئەگەری هێرشکردنە سەریان نەک 99% بەڵکو 100%ـە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەغدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەو سەرکردەیەی حەشدی دیفاع گوتی: "حکومەتی عێراق و دیپلۆماسییەتی وڵات تەواوی هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەو جەنگە دوور بێت و تێوەنەگلێ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ