رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی کرد و رایگەیاند، عێراق رێگە نادات خاک و ئاسمانی وەکو رێڕەو یان سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت.
رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی تاوتوێ کرد. بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی گشتی، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پێداچوونەوە بەو هێرشانەی کرانە سەر چەند شوێنێکی ناوخۆی عێراق و ئەو گرژییانەی بەهۆی هێرشکردنە سەر ئێران هاتنە ئاراوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەت و گەلی عێراق بە هەموو شێوەیەک "شەڕ و دەستدرێژی" رەتدەکەنەوە. هەروەها هۆشدارییش دەدات لە "لێکەوتەکانی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کرایە سەر عێراق و بووە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندین کەس." وەکو سەباح نوعمان باسی دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کراوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپاتی کردەوە کە نابێت سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق ببەزێندرێت، یان وەک رێڕەو و ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان رەتیکردووەتەوە "خاک و ئاوە هەرێمییەکانی عێراق" ببنە هۆکارێک بۆ تێوەگلانی وڵاتەکە لە ململانێکاندا و جەختی کردەوە کە حکومەت هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات رێگەیان پێ دەدەن.
سەباح نوعمان راشیگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و رێگە ئاشتییەکان کردەوە." ئاماژە بەوەش کراوە، تەواوی ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی "خلیسکان بۆ نێو لێکەوتەی مەترسیداردایە،" پێویستە وڵاتە زلهێزەکان و لە سەروویانەوە ئەمریکا، "هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەرەکاندا بکەن، دوور لە بژاردەی سەربازی."
لە راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان دا هاتووە، "ئەم هەڵوێستە جێگیر و دەستوورییەی عێراق بۆ رەتکردنەوەی شەڕ و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە رێگەی ئاشتی، بڕیاری هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقە و تەواوی هێزە نیشتمانی و سیاسییەکانی وڵات لەسەر ئەم پابەندییە کۆکن."
بەیانیی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمێک دواتریش سوپای پاسداران دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ