میدیای فەرمیی عێراق: واشنتن دڵنیایی داوە کە هێرش ناکاتە سەر عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی رایگەیاندووە، واشنتن پەیامێکی فەرمیی ئاراستەی بەغدا کردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت عێراق پەلکێشی ناو شەڕی ئێران بێت و هیچ پلانێکیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا نییە.
 
رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نامەیەکدا جەختی لە رژدبوونی خۆی کردووەتەوە بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی عێراق پەلکێشی ناو شەڕ و پێکدادانەکان نەکرێت کە ئێستا لەگەڵ ئێراندا لە ئارادایە."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیامەکەدا ئەمریکا بە روونی ئاماژەی بەوە داوە کە "هیچ مەبەستێکیان نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە کردەوەیەکی سەربازی لە ناوخۆی خاکی عێراقدا."
 
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق ئەو زانیارییانەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "نە حکومەتی عێراق ویستی بەشداریی لە شەڕەکەدا هەیە، نە ئەمریکاش دەیەوێت هێرش بکاتە سەر عێراق."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمێک دواتریش سوپای پاسداران دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل کرد. 
 
بەگوێرەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەی 'جرف سەخر' لە باکووری پارێزگای بابل کراوەتە ئامانجی چەند هێرشێکی ئاسمانی و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.
 
هەر ئەمڕۆ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیدا رایگەیاند، رێگە نادەن خاک و ئاسمانی عێراق وەک رێڕەو یان سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە