رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتىی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا گواستنەوەى هەمیشەیی و کاتى و پلەبەرزکردنەوەى سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان رابگیرێت، ئەوەش بەهۆى نزیکبوونەوەى هەڵبژاردن و گەرەنتى دەنگدانیان.
ئەو بڕیارەى سوودانى لە راگەیێندراوێکدابوو کە سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 28ى ئایارى 2025 بڵاویکردەوە.
بەگوێرەى بڕیارەکە، گواستنەوەى کاتى و هەمیشەیی کارمەند و ئەفسەران و پلەبەرزکردنەوەیان رادەگیرێت.
سەباح نوعمان دەڵێت: "ئەو فەرمانە بەهۆى نزیکبوونەوەى خشتەى پلەبەرزکردنەوەی مانگى تەممووز و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانە تاوەکو جێگەى کارمەندانى هێزەئەمنییەکان جێگیر بێت و گەرەنتى مافیان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدانى تایبەت بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی زۆربوونى داواکارى گواستنەوە لە سەرجەم بەرەکان کاریگەری لەسەر سرووشتى کارى هێزە ئەمنییەکان نەبێت".
دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەم دەکرێت، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت دەکرێت کە هێزە ئەمنیەکان تیایدا بەشدار دەبن.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:"بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، نابێت سێ مانگ بەر لە هەڵبژاردن، جێگۆڕکێ بە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بکرێت، چونکە ناویان بۆ دەنگدانى تایبەت لەو شوێنانە دەبێت کە ئەرکیانى لێیە بۆ ئەوەى بەشدارى دەنگدانەکە بکەن".
بە گوێرەى فەرمانەکەى سوودانى، لە ئەمڕۆوە دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ