گواستنەوەی عێراق: گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ 28 گەشتی رۆژانە زیاد دەکات

28-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم هەفتەوە ژمارەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ 28 گەشتی رۆژانە زیاد دەکات.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، رۆژی پێنجشەممە 13 گەشت و دوێنێ هەینی 15 گەشت و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ژمارەی گەشتەکانی بۆ 28 گەشتی رۆژانە زیاد دەکات.
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە، کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان. 
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئاسمانی عێراق کرایەوە و بۆ رۆژی دواتر گەشتەکان پەیتاپەپیتا دەستیان پێکردەوە. 
 
بەگوتەی مەیسەم سافی، لە یەکەم رۆژدا 114 فڕۆکە ئاسمانی عێراقیان بەکارهێناوە و رۆژی دووەم زیاتر بووە، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی کەنداویش پەیتاپەیتا ئاسمانی عیراق بەکاردەهێنن. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتیشی، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە چوارشەممە و پێنجشەممە لە فڕۆکەخانەی بەسرە 23 گەشت و  لە فڕۆکەخانەی بەغدا 36 گەشتی کردووە.
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان 6 فڕۆکەخانە هەن: بەغدا، بەسرە، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک.
 
جیهاد دیوان، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رێککەوتنی ئاگربەست و باشتربوونی دۆخی ئەمنی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانی ئاگادار کردەوە، کە ئاسمانی عێراق بەتەواوی کراوەیە. ئێستا هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە کراوەن."
 
رۆژی دووشەممە 23-06-2025 دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، لە 10 رۆژی رابردوودا 1283 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاونەتەوە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە